ئاماده کردنی: ته‌رزه تۆفیق
زۆرن ئه‌وانه‌ی پێنوسهكانیان دادهچۆرێنن تاوه‌كو دیدو تێروانینه‌كانیان به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان بگه‌یه‌نن ئیدی ئه‌و داچۆرینه به نوسینی بابه‌ت بێت یان چیرۆك یا شیعر یان هه‌ر بوارێكی دیكه. سه‌عید ئه‌مانی یه‌كێك له‌و پێنوسه به برشتانهیه كه شیعر لای بۆته خولیا‌و ویسته‌كانی خۆی تێدا په‌رش ده‌كاته‌وه. به‌مه‌به‌ستی زیاتر ئاشنا بوون به ئه‌مانی سایتی واڵاپرێس دیدارێكی له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدا كه ئه‌مه ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
واڵێپرێس: که‌ی بوو هه‌نگاوت نا به‌ره‌و دونیای شێعر نووسین؟
سه‌عید ئه‌مانی: ماوه‌ی 15 ساڵێک ئه‌بێ خولیای شێعر نووسین هه‌ستی گهمارۆداوم و له‌ساڵه‌کانی 76 و 77ی هه‌تاوی به‌رابه‌ر به ساڵه‌کانی 97و98 زاینی نووسینی شێعرم ده‌ست پێکردوه و توانیومه به‌رهه‌مه‌کانم بنێرم بۆ گۆڤار و ڕۆژنامه‌کان.
واڵێپرێس: به‌کێ ده‌ڵێن شاعیر؟
سه‌عید ئه‌مانی: پێناسه‌ی ڕاسته‌قینه‌ی شاعیر کارێکی دژواره. بابه‌تێک نییه بتوانێ له چه‌ند ڕسته‌یه‌کدا بیگونجێنی و دهریببڕی. ئه‌گه‌ر بمه‌وێ خۆ له وڵامی پرسیاره‌که‌ت نه‌دزمه‌وه و بۆچوونی خۆم دهربڕییبێ ده‌بێ بڵێم به‌لای منه‌وه شاعیر که‌سێکه که خاوه‌نی ده‌رک و شعورێکه که‌سانی ئاسایی لێی به‌هره‌مه‌ند نین. ئه‌و ڕوانینی سه‌باره‌ت به گشت ئه‌و شتانه‌ی له ده‌وروبه‌ری ڕوده‌دات له گه‌ڵ ڕوانینێکی ئاسایی‌دا جیاوازه. شاعیر به‌چاوی دڵ له ناخی شته‌کان ده‌ڕوانێ و ئاکامێکیان لێ هه‌ڵدێنجێ و له چوارچێوه‌ی شێعردا ده‌ریانده‌بڕێت که ڕوانینێکی ئاسایی ناتوانێ هه‌ستیان پێ‌بکات. بۆیه به‌درێژایی مێژوو شاعیری ڕاسته‌قینه له ئارمان شاره‌کاندا جێیان نه‌بۆته‌وه و به شێت، یاخی و سه‌رپێچیکار درواونهته قه‌ڵه‌م.
واڵێپرێس: شێعر لای تۆ چ مانایه‌ک ده‌گه‌یه‌نێت؟
سه‌عید ئه‌مانی: به‌لای منه‌وه شێعر ئاکامی هه‌ست و نه‌ست و هه‌ژان و هه‌سته‌وه‌رییه ناسکه‌کانی مرۆڤێکی هه‌ستیار، بیرمه‌ند، ئازاد و سه‌ربه‌خۆ، ڕاساو و ڕاستگۆیه.
واڵێپرێس: شێعره‌کانت زیاتر باسی چی ده‌که‌ن؟
سه‌عید ئه‌مانی: وه‌ک هه‌موو که‌سێکی ئاسایی شاعیریش خاوه‌نی کۆمه‌لێک بیره‌وه‌ری و هه‌ستی خۆش و ناخۆشن. خاوه‌نی بیروبۆچوون و ئاوات و ئامانجی تایبه‌ت به خۆیانن. منیش له‌م قاعیده‌یه جیا نیم. ڕه‌نگه جیاوازی من له‌گه‌ڵ به‌شێک له‌و که‌سانه‌ی له ڕێگای شێعره‌وه هه‌ست و بۆچوونه‌کانیان به‌یان ده‌که‌ن ئه‌وه بێت که شاعیرێکی پێشمه‌رگه‌م و ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیه‌ش بوه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که به‌شێکی زۆری شێعره‌کانم ناوه‌رۆکێکی سیاسی نزیک له ڕێبازێکی ههڵمبژاردوه به‌سه‌ر شانیانه‌وه قورسایی بکات.
واڵێپرێس: کام له شێعره‌کانت له هه‌مویان خۆشتر ده‌وێت؟
سه‌عید ئه‌مانی: ناتوانم بڵیم کامیانم له هه‌مویان خۆشتر ده‌وێت. ڕه‌نگه شێعرێک هه‌بێت توانیبێتم ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستم بوه به‌باشی تێیدا بگونجێنم به‌ڵام له شێعڕێکی تردا ئه‌وه‌نده ده‌ستڕۆیشتوو نه‌بووبێتم و ڕازی نهکردبێتم، ئه‌وه جیاوازیه‌که‌یه، ده‌نا هه‌مویانم وه‌ک یه‌ک خۆش ده‌وێت.
واڵێپرێس: تا ئێستا هیچ به‌رهه‌مێکت به‌چاپ گه‌یاندوه؟
سه‌عید ئه‌مانی: تائێستا ته‌نیا توانیومه به‌رگێک له شێعره‌کانم به‌ناوی له‌سه‌ر ئه‌رکی ئینتیشاراتی ناوه‌ندی کۆمه‌ڵه به چاپ بگه‌یه‌نم. به‌هۆی ئه‌وه‌ی که زیاتر له به‌شی ڕاگه‌یاندندا سه‌رقاڵی ئیشی ته‌شکیلاتی بووم سه‌رجه‌م شێعر و نووسین و بابه‌ته وهرگێردرواوهکانم له گۆڤار و ڕۆژنامه و ڕادیۆ و سایته جۆراوجۆره‌کاندا بڵاو کراونه‌ته‌وه. بێجگه له باقی شێعر و نووسینه‌کانی خۆم سێ کتێب که له فارسیه‌وه کردومن به کوردی ئاماده‌ی چاپن به‌ڵام باری ئابووری ده‌رفه‌تی چاپی نه‌داون.
واڵێپرێس: مه‌رجه شاعیر عاشق بێت؟
سه‌عید ئه‌مانی: ناڵێم پێویسته عاشق بێت من ده‌ڵێم که‌سێک ده‌توانێ شێعر بنووسێت که خاوه‌نی هه‌ستێکی تایبه‌ت بێت و بابه‌تێکی گرنگ له ژیانیدا، جا ئه‌وینداری بێت یان شتێکی تر، به‌قوڵی له‌ناخه‌وه ههژاندبێتی.
واڵێپرێس: کاریگه‌ری کام شاعیرت به‌سه‌ره‌وه‌یه؟
سه‌عید ئه‌مانی: ناتوانم به‌روونی ئاماژه به هیچ یه‌ک له‌و شاعیرانه بکه‌م که به‌رهه‌مه‌کانیانم خوێندۆته‌وه و کاریان تێکردووم. من له‌سه‌ره‌تاوه قانع و هێمن و گۆرانم زۆر ده‌خوێنده‌وه و دواتر له گه‌ڵ به‌رهه‌مه‌کانی شێرکۆ بێکه‌س و عه‌بدوڵا په‌شێو و شاملو و که‌سانی تر ئاشنابووم و چێژیان پێبه‌خشیم و کاریان تێ‌کردم.
واڵێپرێس: چه‌نده له کاره‌کانی خۆت ڕازیت؟
سه‌عید ئه‌مانی: ڕاستگۆیانه ده‌ڵێم تائێستا پێموایه هه‌ر له سه‌ره‌تادام و هیچم نه‌کردوه و به‌و هۆیه‌ی پێموانییه توانیبێتم ده‌نگ و ڕێچکه‌ی تایبه‌ت به خۆم دۆزیبیته‌وه له خۆم ڕازی نیم و کاره‌کانم ناته‌واون.
واڵێپرێس: چ شتێک ئه‌بێته هۆکار بۆ له دایک بوونی شێعر؟
سه‌عید ئه‌مانی: له‌دایک بوونی شێعر هه‌ژانێکی ده‌روونی تایبه‌تی ده‌وێت. جا ئه‌م هه‌ژانه ده‌روونیه ده‌کرێ به‌هۆی به‌سه‌رهاتێک، ڕووداوێکی دڵته‌زێن، بینینی ناعه‌داڵه‌تی، بیره‌وه‌رییه‌کی تاڵ یان شیرین، دیمه‌نێکی سه‌رنج ڕاکێش، کارتێکردنێکی ئه‌ویندارانه و یان گه‌لێک شتی تره‌وه بێت.
واڵێپرێس: دوا وته‌ت بۆ سایتی واڵا پرێس چیه؟
سه‌عید ئه‌مانی: وێڕای ڕێز‌و سپاسی بێ پایانم بۆ به‌ڕێوه‌به‌رانی سایتی واڵا پرێس و خوێنه‌رانی به‌رێزی ئه‌م سایته هیوادارم له کاره‌کانتاندا سه‌رکه‌وتوو سه‌رفه‌راز بن. خۆشحاڵم به به‌سه‌رکردنه‌وه‌تان و سازدانی ئه‌م وتووێژه.
نموونه‌یه‌ک له شێعره‌کانی:
«ژوان»
تا ئاسمانی
ئه‌فغانستانی بیری تۆ
به‌ورده داوی بۆچوونی
بڕوایه‌كی كۆن ته‌نرابێ
تا كابولی خوشه‌ویستیت
تالیبانی
ترسێكی تۆخ
ده‌وری دابێ
ئه‌فسانه‌یه
چاوه‌ڕوانی
هه‌ڵفڕین و
هاتنه ژوانت.
تا بروسكه‌ی په‌نجه‌كانمان
یه‌ك بكه‌وێ و
هه‌وری تاوانێك دابكا
تا تۆماری خۆشه‌ویستی
به ماچ مۆركهین
سێداره‌یه‌ك
هه‌ڵخراوه
كێله سیپانی مێژومان
قه‌تڵگای عه‌شقی ناكامه و
جه‌سته‌ی هه‌زاران سیامه‌ندی
به‌سینه‌وه
هه‌ڵواسراوه!!
واڵێپرێس :سه‌عید ئه‌مانی کێیه؟ ده‌کرێ خۆت بناسێنی؟
سه‌عید ئه‌مانی: من له ساڵی 1339 هه‌تاوی – 1960 زاینی له ئاوایی شیلاناوی سه‌ربه ناوچه‌ی سه‌قز له دایک بووم. به‌شی زۆری ته‌مه‌نم له شاری بۆکان به‌سه‌ر بردوه.
له ساڵه‌کانی دوای شۆڕشی 57 هه‌تاوی (واته 79ی زاینی) خه‌ڵکی ئێران، تێکه‌ڵ به کاروباری سیاسی بووم. وه‌ک بۆچوونی سیاسی رێبازی کۆمه‌ڵه‌م هه‌ڵبژارد و له ساڵی 1360 هه‌تاوی ڕه‌سمه‌ن به ته‌شکیلاتی نهێنی کۆمه‌ڵه‌وه په‌یوه‌ست بووم. له سێ قۆناغدا سه‌رجه‌م پێنج ساڵ له‌لایه‌ن کۆماری ئیسلامیه‌وه خراومه‌ته زیندان.
ساڵی 1381-2003 هاورێ له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌م هاتومه‌ته هه‌رێمی کوردستان و له‌به‌شی ته‌شکیلاتی ئاشکرای کۆمه‌ڵه ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومۆنیستی ئێران‌دا ده‌ستم به‌کاری سیاسی ته‌شکیلاتی کردوه که تائێستاش درێژه‌ی هه‌یه.
له‌به‌شی ئاشکرای ته‌شکیلاتی کۆمه‌ڵه دا وێڕای ڕاپه‌ڕاندنی ئه‌رکه ته‌شکیلاتیه‌کان سه‌رنووسه‌ری ده‌وره‌ی دووهه‌می گۆڤاری پێشه‌نگ یشم وه‌ئه‌ستۆ گرتوه و تا ئێستا واته له ده‌وره‌ی دووهه‌می دا 23 ژماره‌ی لێ بڵاو کراوه‌ته‌وه. هه‌ر به‌هۆی ئه‌و چالاکیانهشهوه بوومه‌ته ئه‌ندامی کارای سه‌ندیکای ڕۆژنامه نووسانی کوردستان.
***********************************************************
***********************************************************
وت‌و وێژی ڕادیۆده‌نگی كۆمه‌ڵه له‌گه‌ڵ سه‌عید ئه‌مانی سه‌باره‌ت به قه‌تڵی عامی زیندانیانی سیاسی له ساڵی 67 دا
سازدانی: ناسر حه‌ق په‌ره‌ست
رێكه‌وتی: 11\7\2006
سه‌رتاسه‌ری ته‌مه‌نی نگریسی كۆماری ئیسلامی ئێران پڕه له تاوانی گه‌وره و بچووكی جۆراو جۆر و هاله‌یه‌ك لهجهنایهتی دژی ئینسانی مێژووی ده‌سه‌ڵاتی 28 ساڵه‌ی ئه‌و ڕژیمه‌ی ده‌ورداوه. یه‌كێك له‌و جه‌نایه‌ته لهبیرنهكراوانهش كوشتار‌و قه‌تڵی عامی زیندانیانی سیاسیه له‌ساڵی 1367 ی هه‌تاوی دا. ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ی رژێمی ئیسلامی كاردانه‌وه‌یه‌كی قوڵی له‌سه‌ر هه‌ست و ئێحساس كۆمه‌ڵگای ئێران به‌گشتی و بنه‌ماڵه‌و كه‌سوكاری ئه‌و ئینسانه شه‌ریف و خه‌بات كارانه داناوه و هه‌موو ساڵێك له‌مانگه‌كانی هاوین دا یادی ئه‌و ئازیزانه، ئاوێته بهنهفرهتێكی به‌رین له‌و ده‌سته‌ڵاته دژی ئینسانیه، ده‌كرێته‌وه.
هه‌ر له‌م په‌یوه‌ندیه دا و بۆ رێز گرتن له‌یادو خاتره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌ساڵی 67 دا ئیعدام كران، وتوێژێكمان له‌گه‌ڵ هاوڕێ سه‌عید ئه‌مانی پێكهێناوه.
سه‌عید ئه‌مانی له‌دیك بووی ساڵی 1339ی هه‌تاوی یه و له ساڵی 60ه‌وه هاتۆته نێو مه‌سایلی سیاسیه‌وه، سێ جار له لایه‌ن كۆماری ئیسلامیه‌وه ده‌ستگیر كراوه و سه‌رجه‌م 5 ساڵ زیندانی كێشاوه. ئێستاش له به‌شی ڕاگه‌یاندنی ته‌شكیلاتی كۆمه‌ڵه دا سه‌رگه‌رمی چالاكی سیاسیه.
پرسیار: هاورێ سه‌عید تۆ وه‌ك كه‌سێكی كه زیاتر له 5 ساڵ له زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئێران دا به‌سه‌رت بردووه، ده‌كرێ بڵێن به‌رخوردو هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌م رژێمه له‌گه‌ڵ زیندانیانی سیاسی‌دا به‌چ شێوه‌یه‌كه، ئایا له ڕووی یاسایه‌كی سه‌قامگیرو دیاری كراوهوهیه یان مه‌قته‌عی و ناسه‌قامگیره؟
وه‌ڵام: یه‌قینه‌ن به‌رێزیشت پێت وایه هه‌ڵسوكه‌وتی رژێم له‌گه‌ڵ زیندانیانی سیاسی دا یاسامه‌ند نییه، بۆیه ئه‌م پرسیاره دێنیه گۆرێ. نه‌خێر هیچ یاسایه‌كی دیاری كراوی سه‌قامگیر بۆ بهرخوود له‌گه‌ڵ زیندانیانی سیاسی دا له ئارادا نییه. ئه‌وه ڕووداو و گوشاره ناوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كانه شێوه‌ی به‌رخوردی رژێم، له‌سه‌رده‌مه جۆراوجۆره‌كاندا، دیاری ده‌كات.
ڕه‌فتار و به‌خوردی كۆماری ئیسلامی ئێران به‌رده‌وام به‌رخوردێكی چه‌ند مه‌نزووره بووه. له سه‌رده‌مێك دا، به‌پێی هه‌ڵسه‌نگاندنی رژێم له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی دا، به‌ئاشكرایی و بێ په‌رده نه‌یارانی سیاسی خۆی به جووخهكانی ئێعدام سپاردووه و ته‌بلیغی پێوه‌كردووه و لهمهقتهعێكی تردا به‌شێوه‌ی شاراوه به‌رێوه‌ی بردووه و په‌یكه‌ری ئێعدام كراوه‌كانی یا به‌دزی شاردۆته‌وه یان لهمهلاولا فرێی داون.
پ: ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ پۆلێن به‌ندییه‌ك له‌م په‌یوه‌ندیه‌دا بكه‌ین، واته ده‌وره‌و سه‌رده‌مه جیاوازه‌كانی به‌خوودی رژێم دیاری بكه‌ین، ئه‌م پۆلێنی به‌ندیه به‌چ شێوه‌یه‌كه؟.
و: به‌ڵێ بۆئه‌وه‌ی بتوانین تایبه‌تمه‌ندی كوشتاری زیندانیانی سیاسی ساڵی 67 به‌باشی نیشان بده‌ین پێویسته به‌رخوردی رژێم به‌م شێوه‌ی خواره‌وه مه‌رحه‌له به‌ندی بكه‌ین: له‌ساڵی 57 ه‌وه بۆ ساڵی 62، واته كۆتایی 62. له‌ساڵی 63 وه بۆ ساڵی 67 و سه‌رئه‌نجام بێینه سه‌ر ڕووداوی قه‌تڵ و عامی زیندانیانی سیاسی له‌و ساڵه‌دا.
دوای ئاخێزی جه‌ماوه‌ری ساڵی 1357 ی گه‌لانی ئێران و رووخانی رژێمی شا، سه‌رانی كۆماری ئیسلامی به‌پشتیوانی بونگا ههواڵنێریه رۆژئاواییه‌كان توانیان سواری شه‌پۆلی ناڕه‌زایه‌تی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیوی ئێران بن و له‌پێكهێنانی ده‌وڵه‌تی دوای شۆرش دا به‌شێوه‌یه‌كی به‌رچاو باڵاده‌ست بن.
دوای قیام كه‌ش و هه‌وایه‌كی، تاڕاده‌یه‌كی زۆر، ئازاد‌و دیموكراتیك به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگای ئێران دا زاڵ بوو. له‌هه‌موو لایه‌كه‌وه كه‌سایه‌تی، حیزب و سازمانه چه‌پ و شۆرشگێڕه‌كان له‌هه‌وڵی پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی قیام و هه‌رچی به‌رینتر كردنه‌وه‌ی دابوون. ئه‌مه‌ش سه‌رانی رژێمی نیگه‌رانی كردبوو. چون ڕه‌وتی رووداوه‌كان به‌پێچه‌وانه‌ی مه‌یل و بهرنامهپێ سپێردراوه‌كانی ئه‌وان خه‌ریك بوو ده‌چووه پێش. بۆیه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی به‌توندی خه‌ریكی قایمكردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان له‌شورای ئینقلاب دا بوون، له‌م لاولاش به به‌سیج كردنی ده‌سته‌و تاقمه مهرزههبی و كۆنه‌په‌رسته‌كانی سه‌ربه‌خۆیان، خه‌ریكی ئاژاوه‌گێری و به‌رته‌سك كردنه‌وه‌ی ئازادیه سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان بوون.
له‌رێگای ئیمام جومعهكانهوه داوایان له‌خه‌ڵك ده‌كرد چه‌كه‌كانیان بگێڕنه‌وه بۆ پادگانه‌كان، گرفتیان بۆ كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه ئازاد‌و چه‌پ و ڕادیكاڵه‌كان دروست ده‌كرد. ته‌نانه‌ت له‌هێندێك شوێن ده‌ستیان دابۆوه زیندانی كردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی به‌دژی رژێمی شا خه‌باتیان كردبوو و له‌م پێناوه‌ش دا زیندانی و ئهشكهنجهدرابوون و له‌دوای قیامیش نه‌خشه‌كانی سه‌رانی رژێمیان خوێندبۆوه، و به‌دژی وێستابوونهوه، ئه‌مانه سه‌ره‌تای حه‌ره‌كاتی دژی ئازادی و دژی شۆرشی ئه‌و ڕه‌وته بوو كه دواتر كۆماری ئیسلامی له‌ئێران هێنا گۆڕێ.
رژێم بۆ چاوترسێن كردنی خه‌ڵكی ئازادی خوازی ئێران و ئه‌ستاندنه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی له‌دوای قیام و له‌ئاكامی خه‌باتی شۆرشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان، له‌م ناوچه‌دا ده‌سته‌به‌ر ببوو، وه له‌ئاكامی دا پاشه‌كشه به ڕه‌وته كۆنه‌په‌رسته مه‌زهه‌بی و غه‌یره مه‌زهه‌بییه‌كان كرابوو، ده‌ستی كرد به‌ئاژاوه نانه‌وه و تهحریكات. له‌رۆژی 28ی مورداری 1358 دا هێرشێكی جهنایهتكارانهی هێنایه سه‌ر خه‌ڵكی ڕاپه‌ریوی كوردستان. مانگێك دوای ئه‌و هێرشه خاڵخاڵی وه‌ك حاكمی شه‌رعی رژێم ڕه‌وانه‌ی كوردستان كرا بۆ دادگایی كردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی له‌لایه‌ن رژێمه‌وه گیرابوون.
لێره‌وه وه‌حشی گه‌ری رژێم ده‌ست پێده‌كات. خاڵخاڵی كه نوێنه‌ری رژێم بوو له‌بواری قهزاییدا، ده‌ستی دایه دادگایی كردنی چه‌ند ده‌قیقه‌یی و ئێعدام كردنی گیراوه‌كان به‌شێوه‌ی به‌كۆمه‌ڵ و بڵاوكردنه‌وه‌ی وێنه‌ی تیرباران كراوه‌كان، كه كه‌سانی برینداری وایان تێدابوو نه‌یده‌توانی به‌پێوه رابوه‌ستێ و له‌سه‌ر بڕان كارهێنابوویانه مه‌یدانی تیر. ئه‌مه مه‌رحه‌له‌یه‌ك بوو كه رژێم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی گیراوه‌كانی سزا ده‌دا چنگ و ددانی خوێناویشی، بۆ هه‌رچی زیاتر ترساندنی نه‌یارانی، به‌ده‌وروبه‌ر نیشان ئه‌دا. له‌گه‌ڵ هێرش بۆسه‌ر كوردستان، به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاویش خه‌ریكی سه‌ركوتكردنی خه‌ڵكی توركهمهن سهحرابوو. هێرشی كرده سه‌ر شوراكانی شاری گونبهدو ئه‌نزه‌لی و یه‌كێتی جوتیارانی توركمه‌نی تاروماركرد و رێبهرانیانی ده‌ستگیر، زیندانی، تاقیب و ترۆرو ئێعدام كرد كه ده‌كرێ ئاماژه به توماج، مه‌ختوم قولی و كه‌سانی تر بكرێ. لهمهرحهلهیهكی دیكه هه‌ر له‌و دهورهدایه كاتێك ده‌بینێ ناتوانێ درێژه به‌سه‌ركوت و كوشتار له‌كوردستان بدات و ده‌سته‌ڵاته‌كه‌ی له‌به‌رده‌م مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌دا ده‌بینێ ئێعدامه‌كان كه‌م ده‌كاته‌وه، دیله‌كانی ئه‌شكه‌نجه نادات، ته‌نانه‌ت پێشنیاری ئاگربڕو گورینه‌وه‌ی گیراوه‌كانی هه‌ردوولا ده‌كات و ئاماده‌گی بۆ وتووێژه له‌گه‌ڵ گه‌لی كوردستان ڕاده‌گه‌یه‌نێ. كه كرده‌وه‌یه‌كی ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌ی ساڵێك له‌وه به‌ریه‌تی.
دوای ئه‌وه‌ی به‌م شێوه‌یه ده‌توانێ كه‌مێك خۆی بگرێته‌وه و هێزێكی تازه نه‌فه‌س ئاماده‌بكات، هێرشه‌كانی له‌ئاستێكی به‌رین دا تردا له‌كوردستان ده‌ست پێ ده‌كاته‌وه. هاوكات له‌سه‌رتاسه‌ری ئێران دا گوشار ده‌خاته‌وه سه‌ر خه‌ڵك و هێزه ڕادیكاڵه‌كان و به‌بیانووی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ عێراق هیچ مه‌جالێك بۆ پشوودانێكی ئازاد ناهێڵێته‌وه، ته‌نانه‌ت دانیشگاكانیش، كه‌شوێنی سه‌ره‌كی هه‌ڵسووڕانی هێزه چه‌پ و ڕادیكاڵه‌كان بوو، له‌ژێر ناوی ئینقلابی فه‌رهه‌نگی دا بۆ ماوه‌ی 2 ساڵ داده‌خرێن و هێرشێكی توند‌و سیستماتیك بۆ سه‌ر هه‌ر ده‌نگێكی نه‌یار و ئازادی خوازانه، به‌تایبه‌تی كومونیست و چه‌په رادیكاڵه‌كان ده‌ست پێده‌كات. له‌ماوه‌یه‌ك پێشتره‌وه سه‌ركوت و شێواندنی كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌كان ده‌ستی پێكردووه و كه‌سانی ناڕازی دهستگیرو خراونه‌ته زیندانه‌وه.
رژێم به‌رده‌وام خه‌ریكی تهحریكاتهو لهبههانهیهك ده‌گه‌ڕێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستێكی توند له‌نه‌یارانی بوه‌شێنێ و سه‌رئه‌نجام له رۆژی 30ی خوردادی. 1360 دا به‌دوای ڕاگه‌یاندنی قیامی چه‌كدارانه به‌دژی رژێم، له‌لایه‌ن سازمانی موجاهیدینه‌وه، به‌مه‌رامی خۆی ده‌گات و به‌م بیانوه‌وه ئاستی سه‌ركوت و ده‌ستگیر كردنه‌كان گشت شار‌و شارۆچكه‌و ته‌نانه‌ت دێهاته‌كانی سه‌رتاسه‌ری ئێران ده‌گرێته‌وه و به‌غه‌یره‌ز ماڵی ئه‌ندامانی به‌سیج و سپا و كه‌سانی سه‌ر به‌رژێم نه‌بێ هیچ مالێك نامێنێ ڕه‌وه‌ی مه‌ئمورانی سپای پاسداران و ئیتلاعات وه‌سه‌ر ده‌ركه‌و دیواری نه‌كه‌ون. ماوه‌یه‌كی زۆر كورت دوای حه‌ره‌كه‌ته‌كه‌ی موجاهیدین ڕژیم ده‌ستی دایه ئێعدامی كه‌سانێكی كه له مانگه‌كانی پێشتر دا ده‌ستگیر كرابوون و هێشتا چاره‌نووسیان نادیار بوو. ئه‌م كه‌سانه به‌شێكی زۆریان له خه‌باتگێڕانی سه‌رشناس و خۆراگری ناو زیندانه‌كانی رژێمی شابوون. له‌وانه ده‌كرێ ئاماژه به شاعیری كۆمۆنیست و شۆڕشگێر سه‌عید سوڵتان‌پوور بكه‌ین. له‌ماوه‌ی یه‌ك رۆژدا و له‌سێ نۆبه‌دا 40 كه‌س له‌و زیندانیانه ئێعدام كران و نێوهكانیان له‌ڕادیۆی تارانه‌وه ڕاگه‌یاندرا. ئه‌م كرده‌وه جه‌نایه‌تكارانه‌یه كۆمه‌ڵگای ئێرانی تووشی شۆك كرد.
ئه‌م كرده‌وانه‌ی رژێم له ساڵه‌كانی 61 تا 62، واته ئاخری 62، به‌لووتكه‌ی خۆی گه‌یشت. له‌م ماوه‌یه‌دا به‌ده‌یان هه‌زار كه‌س له‌هه‌ڵسوڕاوان و خه‌باتگێرانی ئێران، رێبه‌ران و ئه‌ندامانی رێكخراوه چه‌پ و كومونیسته‌كان گیران، ئهشكهنجهكران، پرۆسه‌ی ته‌واب ساز یان له‌سه‌ر ئیجرا كرا، هێنه‌رانه سه‌ر تلویزیۆن و ئێعدام كران. له‌م ده‌وره‌یه‌دا رژێم هیچ باكی له‌وه نه‌بوو كه تا چ ڕاده‌یه‌ك پێوانه مرۆییه‌كان پێشێل ده‌كرێ. و ده‌یویست له‌م رێگایه‌وه تارمایی هه‌ر چه‌شنه مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی بڕه‌وێنێته‌وه.
خوێناوی ترین و نائینسانی ترین جه‌نایه‌ته‌كانی رژێمی كۆماری ئیسلامی، به‌دژی نه‌یارانی، له‌و دوو ساڵه‌دا به‌رێوه‌چوو.
پ: هاوڕێ سه‌عید به‌بڕوای ئێوه پرۆسه‌ی ته‌واب سازی له‌چ ڕاستایهك دابوو، وه له‌كوێدا كۆتایی پێهات؟
و: ده‌بێ ئه‌م راستیه بۆ هه‌موو لایه‌ك به‌باشی ده‌ركه‌وتبێ كه كۆماری ئیسلامی ئێران، وه‌ك ژوماره‌یه‌ك گره‌وگان ده‌ڕوانێته خه‌ڵكی ئێران و هیچ به‌هایه‌كی ئینسانی بۆ دانیشتوانی ئه‌و وڵاته دانانێ. رژێم بۆ ئیمتیاز وه‌گرتن له‌وڵاتانی دیكه‌و باج ئه‌ستاندن له‌ده‌وروبه‌ر كوشار ده‌خاته‌سه‌ر خه‌ڵكی ئێران. یان به‌پێچه‌وانه‌وه، گوشاره‌كانی كه‌متر ده‌كاته‌وه و فه‌زایه‌كی كراوه‌و به‌ڕواڵه‌ت ئازاد پێك دێنێ. ئیتر ئه‌مه به‌سته‌گی به چه‌شنی شاخ به شاخ بوونه‌كانی له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ردا هه‌یه.
كۆماری ئیسلامی مه‌به‌ستێكی سه‌ره‌كی به‌ڵام به‌ڕواڵه‌ت شاراوه‌ی هه‌یه ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه بوونه‌وه‌رێكی بێ ئیراده، خه‌سیو، داتهكاو له هه‌رچه‌شنه كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی و ته‌سلیمی له‌دانیشتوانی ئه‌م وڵاته گه‌ره‌كه. بۆیه به‌رده‌وام و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌یه‌وێ بیانكاته ئه‌و مه‌وجووده. په‌ره‌پێدانی مه‌وادی موخهدر، ڕه‌واجدانی سیستماتیكی فهحشاو زۆر شتی دیكه لهنموونهكانیهتی.
رژێم به، بهتهوابكردنی زیندانیانی سیاسیش ڕاست هه‌ر ئه‌م مه‌به‌سته تاقیب ده‌كات. ده‌زانێ كه‌سایه‌تیه‌كی سیاسی كه له‌كۆمه‌ڵ دا گوێی لێده‌گرن، خاوه‌نی كه‌سایه‌تی و ئیعتباره به‌هاتنه سه‌ر تلویزیۆن و په‌شیمان بونه‌وه له‌ڕابردووی خۆی و ته‌ئیدی كۆماری ئیسلامی ڕاست ده‌بێته ئه‌و ناكهسهی ئه‌و ده‌یه‌وێ، بۆیه له‌ساڵی 61-62 دا به توندی له هه‌وڵی په‌ره پێدانی ئه‌م پڕۆسه‌یه دابوو، به‌ڵام ئه‌م هه‌وڵه‌شی وه‌ك باقی هه‌وڵه جنایه‌ت كارانهكانی دیكه‌ی، له‌سه‌ر ئه‌ساسی خۆڕاگری ئینسانه كۆمۆنیست و چه‌پ و شۆڕشگێره‌كان، شكستی هێنا و له نیوه‌ی هه‌وه‌ڵی 62 دا باوی نه‌ما. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی له‌به‌ره‌وپێش بردنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌دا توانیبووی ژماره‌یه‌ك ئینسانی لاواز، له‌باری رۆحیه‌وه، بكاته دارده‌ست و گۆپاڵی خۆی بۆ ژێر گوشارخستنی هه‌رچی زیاتری زیندانیه‌كان و به‌ئه‌نواعی شێوه‌ی وه‌ك جهولهپێكردن و گێران بهزیندانهكانی شاره جۆراوجۆره‌كاندا، خستنه نێو سلوولی زیندانیانی تازه ده‌ستگیركراو، بۆئه‌وه به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێ ئه‌و زیندانیه برووخێنێ و وادار به ئیعترافی بكات یان به‌جۆرێك زانیاری لێ بكێشێته‌وه، كه‌ڵكی لێوه‌رگرتن، ئه‌م كه‌سانه، لانی كه‌م له‌كوردستان، ژوماره‌یان زۆر كه‌م بوو. ناوزڕاوترینیان، كه له‌هه‌موو شاره‌كانی كوردستان دا نێوی له‌سه‌ر زمانان بوو، مه‌عرووف كێڵانه بوو.
پ: ئاڵوگۆڕه‌كانی ساڵی 63 بۆ 67 به‌چ شێوه‌یه‌ك بوو، ئه‌و ئاڵوگۆڕانه له‌چیدا خۆی ده‌رده‌خست؟
و: وتم كه جه‌نایه‌ت و وه‌حشی گه‌ریه‌كانی رژێم له‌ساڵه‌كانی 60 بۆ نزیك كۆتایی 62 بهئهوجی خۆی گه‌یشت كه تێیدا نامرۆڤانه‌ترین ئه‌شكه‌نجه‌و ئازاری جسمی و رۆحی، دادگایی كردنی كورت خایه‌ن و فۆرماڵ، گیان لێ ئه‌ستاندن له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا، رووخاندن و بهتهواب كردن، ئێعدامی به‌كۆمه‌ڵ و ته‌سلیم نه‌كردنه‌وه‌ی ته‌رمی گیان به‌ختكردوان به‌بنه‌ماڵه‌كانیان، كه ده‌كرێ ئاماژه به‌نموونه گه‌لی وه‌ك ئێعدامی 59 نه‌فه‌ر له‌شاری مهاباد بكرێ، روویان دا. به‌ر له‌ساڵی 63 یان لانی كه‌م تا نیوه‌ی دووه‌می 62 خه‌به‌رێك لهملاقاتی حزووری و به‌كۆمه‌ڵ له شوێنه گشتیه‌كانی وه‌ك مزگه‌وت و حه‌ساری زیندانه‌كان و مه‌ره‌خه‌سی، بهمهئمورهوهی زیندانی له‌ئارادا نه‌بوو كه ورده ورده ده‌ستی پێكرد. هه‌واخۆری زیادی كرد، حه‌مام و پاك و خاوێنی گۆڕانی به‌سه‌ردا هات، ژوماره‌ی زیندانیانی نێو سلولهكان كه‌متر بوونه‌وه و هێنرانه نێو ژووری گه‌وره‌تره‌وه، هێنانی كتێب و ده‌فته‌ر كه‌مێك ئازادكرا، تهوابهكان رێز‌و قوتبیان نه‌ما لای رژێم و هێنانی تلویزیۆن بۆ به‌شێك له‌ژووری زیندانه‌كان.
به‌رخوردی بازجوهكان و زیندانیان له‌گه‌ڵ زیندانی دا ئه‌و توندوتیژیه‌ی پێشتری پێوه‌دیار نه‌بوو. ته‌نانه‌ت هه‌ڵسوكه‌وتی حاكمهكانیش فه‌رقی كرد. بۆ نمونه ساڵی 63 ئاغای قه‌ده‌می، حاكم شه‌رعی دوای خاڵخاڵی و ئه‌و كه‌سه‌ی 59 نه‌فه‌ره‌كه‌ی مهابادی به‌ئێعدام مه‌حكوم كرد، هه‌ر له‌ژووری بازجوویی دا زیندانیانی دادگایی ده‌كرد و خۆی بهشێلاق ده‌كه‌وته وێزه‌ی زیندانیه‌كان و به‌پێی سیاسه‌تی ژێم بۆ ئه‌و ده‌وره‌یه هه‌مان ڕه‌وشی خاڵخاڵی به‌رێوه‌ده‌برد. به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی هه‌ستی به‌وه كرد ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی خه‌ریكه ده‌كه‌وێته مه‌ترسیه‌وه و ئیتر ناتوانێ درێژه به‌و كوشت و كوشتاره وه حشیانه بدات ده‌ستی كرد بههێندێك رێفۆرم. حاكمی دوای قه‌ده‌می كه‌سێك به‌ناوی مه‌زاهیری بوو. ئه‌و قازیه لهجهولهیهكی كورت و به‌په‌له‌دا ژوماره‌یه‌كی زۆر له‌زیندانیانی سه‌رله‌نوێ دادگایی كرده‌وه و به‌شی هه‌ره زۆری حوكمه‌كانی قه‌ده‌می پوچه‌ڵ كرده‌وه و مهحكومهكانی له 5 ساڵ بۆ خواره‌وه‌ی به‌بۆنه‌ی جێژنی قوربان، له‌شاری سه‌قز، كه زیندانیه‌كانی زیندانی شاری بۆكان یشیان بردبوه ئه‌وێ، ئازاد كرد، به‌پێچه‌وانه‌ی قه‌ده‌می كه خۆی زیندانی ئه‌شكه‌نجه ده‌كرد ئه‌و جیا لهمناڵێكی 10-12 ساڵانه، كه‌وتیان نه‌وه‌ی بوو، كه‌سی تری له‌لا نه‌بوو، ئه‌و مناڵه‌ش پهروهندهكانی بۆ ده‌هێنا به‌رده‌ستی. ئه‌م دوو به‌رخورده به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناكرێ بڵێین به‌پێی بڕیارێكی یاسامه‌ندی قه‌زایی به‌رێوه چوون به‌قه‌د ئه‌وه‌ی بڕیار‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كی سیاسی له‌پشته‌وه بوو.
لهدواكهوتووترین ده‌وڵه‌تانی دنیا دا شتێك به‌ناوی یاسای قه‌زایی بوونی هه‌یه‌و به‌پێی شناختێكی كه له‌سه‌ر ئه‌و یاسایه هه‌ته ده‌كرێ پێشبینی ئه‌وه بكه‌ی كه زیندانیه‌كی سیاسی، به‌پێی كارێكی كردویه‌تی، چاره‌نووسی به‌كوێ ده‌گات، به‌ڵام شتێكی وا له‌كۆماری ئیسلامی دا پێشبینی نه‌ده‌كرا.
ئاڵوگۆڕه‌كان له‌و شتانه‌ی وا له‌سه‌ره‌وه باسیان كرا خۆی ده‌رخست. كهشو هه‌وایه‌ك كرایه‌وه بۆئه‌وه‌ی زیندانی به‌خۆی دابێته‌وه. كه‌سایه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی خۆی سه‌رله‌نوێ دارێژێته‌وه. په‌یوه‌ندی گهرموگوڕو باوه‌ڕ به‌یه‌كتری له‌نێوان خۆی و بنه‌ماڵه‌و كۆمه‌ڵدا دامه‌زرێنێته‌وه. ئه‌م خۆگرتنه‌وه‌یه گه‌یشته ئاستێك كهبنهماڵهكان بهغورورو بهرۆحیهوه بكه‌ونه شوێن چاره‌نووسی رۆڵه‌و كه‌سوكاریان و گوشار بخه‌نه سهردادگا و به‌رپرسانی زیندان. ئه‌و گومانه تاساڵی 67 به‌ته‌واوی ڕه‌ویبۆوه كه رژێم، تاراده‌یه‌ك، توانیبووی له‌لای خه‌ڵك دروستی بكات كه گوایه به‌شی هه‌ره‌زۆری زیندانیان پشتیان لهئاڕمان و ئامانجه ئینسانی و شۆرشگێڕانهكانی خۆیان كردووه و كه‌سایه‌تیه‌كی بهزیویان لێ ده‌رهاتووه.
پ: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئاماژه‌ت به‌وه دا كه ژوماره و به‌رینایی ئێعدامه‌كانی ساڵی 67 زۆر له‌و ئێعدام‌و كوشتار و جهنایهتانی رژێم له‌مه‌ودای ده‌ساڵه‌ی سه‌ره‌تای ته‌مه‌نی دا ده‌ستی بۆ بردبوون و ئه‌نجامی دابوون به‌رته‌سكتره، هۆی چیه ئێعدامی به‌كۆمه‌ڵی زیندانیانی سیاسی له‌و ساڵه دا وه‌ها كاردانه‌وه‌یه‌كی له‌سه‌ر هه‌ستی خه‌ڵك داناوه كه هه‌ر ساڵه و له‌وه‌رزی هاوین دا یادی ئه‌م كاره‌ساته ده‌كه‌نه‌وه؟
و: ئه‌م مه‌سه‌له‌یه ده‌كرێ چه‌ندین هۆی هه‌بێ كه گرینگ ترینیان، به‌بڕوای من، ئه‌مانه‌ن: كه‌سانێكی كه له‌هاوینی ساڵی 1367 ی هه‌تاوی دا به‌كۆمه‌ڵ ئێعدام كران به‌گشتی كه‌سانێك بوون كه هه‌موو ئه‌و ئه‌شكه‌نجه‌و ئازارانه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسمان كردن لهدژوارترین ههلو مه‌رج دا تهحهموو كردبوو. زۆربه‌یان به‌شێكی زۆری حوكمه‌كانیان نابوه پشت سه‌رو ته‌نانه‌ت تێ‌یان دابوو حوكمه‌كه‌یان كۆتایی هاتبوو چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بوون ئازادبكرێن.
ئه‌و كه‌سانه ژماره‌یه‌ك ئینسانی به‌ئه‌زموون و خاراوی ژوارترین هه‌لومه‌رجه‌كانی زیندانی كۆماری ئیسلامی ئێران بوون به‌و شیارییهوه خۆیان ئاماده‌كردبوو بۆ ئازادبوون و هاتنه‌وه ناو كۆمهڵگاو ده‌ست به‌كاربوونه‌وه. هه‌ركام له‌و كه‌سانه له‌سه‌ر ئه‌ساسی ئه‌و ئهزموونو ئاگاهی یه‌ی، له مه‌ودای پشت سه‌رنانی ماوه‌ی مهحموكمیهتی دا، به‌ده‌ستی هێنابوو ده‌یتوانی ببێته كۆڵه‌كه‌یه‌كی قایم بۆ بزوتنه‌وه‌ی كرێكاری، بزوتنه‌وه‌ی ژنان، خوێندكاران و باقی بزوتنه‌وه ڕادیكاڵه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان. خۆی، رژێمیش هه‌ستی به‌م مه‌ترسیه كردبوو. ده‌یزانی به‌پێی ئاڵوگۆڕێكی كه به‌قازانجی خه‌ڵك له‌ناوخۆی ئێران دا پێك هاتبوو، ئازادبوونی ئه‌م ئینسانه خاوه‌ن ئه‌زموونانه ئه‌وه‌نده‌ی تر هاوسه‌نگیه‌كه به‌دژی ئه‌و ده‌گۆڕن بۆیه له‌بیری له‌ناوبردنیان دا بوو. به‌وجۆره‌ی كه ژوماره‌یه‌ك له‌و كه‌سانه‌ی حوكمیان ته‌واو ببوو به‌ڵام هه‌روا له‌زیندان دا مابوونه‌وه، ده‌كرێ بڵێن به‌رله‌وه‌ی خومه‌ینی جامه ژه‌هره‌كه بخواته‌وه و كۆتایی به‌شه‌ڕ له‌گه‌ڵ عێراق بێنێ، پیلانی ئه‌م قه‌تڵ و عامه‌یان داڕشتبوو ته‌نیا له‌بۆنه‌و به‌هانه‌یه‌ك ده‌گه‌ڕان، كه ئه‌ویش به‌هێرشی سازمانی موجاهدین له‌سنووری قه‌سری شیرینه‌وه، به‌ناوی «فروغی جاویدان» وه‌ك ههدیهیهكی ئاسمانی بۆیان نازڵ بوو. له‌ماوه‌یه‌كی كورت دا و له‌زمان موسه‌وی ئه‌رده‌بیلی یه‌وه، به‌رپرسی ئه‌وكاتی به‌شی قه‌زایی رژێم، هه‌ڕه‌شه له‌زیندانیان كرا، له‌تۆڵه‌ی ئه‌و هێرشه‌دا، و ئه‌وه‌بوو بۆماوه‌ی دوو مانگ گشت ملاقاتهكان قه‌ده‌غه‌كران، رادیۆ و تلویزیونی زیندانه‌كان كۆكرانه‌وه و رژێم له‌ماوه‌ی ئه‌و دوومانگه‌دا نه‌خشه‌كه‌ی خۆی به‌كرده‌وه ده‌رهێنا و كاره‌ساتی ساڵی 67ی خوڵقاند كه تێیدا به‌هه‌زاران كه‌س لهخۆراگرترین، به‌ئه‌زموونترین شه‌ریفترین كۆمونیسته‌كان و ئینسانه ئازادی خواز‌و به‌رابه‌ری تهڵهبهكانی تێدا قه‌تڵ و عام كران و به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی كه پێشتر ته‌رمی ئێعدام كراوه‌كان له‌شاشه‌ی تلویزیونهكانهوه پیشان ده‌دران و ته‌بلیغ و هه‌ڕه‌شه‌یان پێوه‌ده‌كرا، له‌وپه‌ڕی بێده‌نگی و سانسۆری خه‌به‌ری دا شاردرانه‌وه و ئێستاش باس له‌م كاره‌ساته به‌لای كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه بڤه‌یه.
پێم خۆشه بیره‌وه‌رییه‌ك سه‌باره‌ت بهبهرخوردی زیندانیه‌ك كه له‌ماوه‌یه‌كی كورت دا، دوای ئه‌وه‌ی له‌زیندانی ئیتلاعاتی ورمێ وه هێنایانه زیندانی ده‌ریا، به‌یه‌كه‌وه ئاشنابووین باسبكه‌م، مه‌به‌ست له‌گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م بیره‌وه‌ریه ئه‌وه‌یه كه بڵێم زیندانیه‌كی كه له‌ده‌ست ئه‌شكه‌نجه‌و بازجوویی ڕزگاری ده‌بێ چ ئاڵ و گۆڕێكی به‌سه‌ردا دێت و چۆن سه‌باره‌ت به خۆی قه‌زاوه‌ت ده‌كات و به‌چ شێوه‌یه‌ك ده‌كه‌وێته هه‌وڵی خۆ سازدانه‌وه بۆ ده‌وره‌یه‌كی تر.
ساڵی 1364 بوو له‌یه‌كێك له‌مانگه‌كانی هاوین دا. تازه له زیندانی ئیتلاعاته‌وه هێنابوویانه به‌ندی 15ی زیندانی ورمێ. له‌حه‌ساری هه‌واخۆری و له‌كاتی پیاسه‌كردن دا پێك ئاشنابوین له جه‌ریانی قسه‌وباسێك دا بۆیهكترمان گێرایه‌وه كه له‌سه‌ر چ جه‌ریانێك گیراوین. بۆی ده‌ركه‌وت كه‌من دوای ته‌واو بوونی حوكمه‌كه‌م واته 30 رۆژی تر ده‌بێ ئازاد بكرێم. هه‌رچی زیاتر به‌یه‌كه‌وه ئه‌دواین متمانه‌مان به‌یه‌كتر زیاترده‌بوو ئه‌وه‌بوو پێی وتم من په‌یامێكم هه‌یه ده‌بێ دوای ئازادبوونت حه‌تمه‌ن بۆم بگه‌یه‌نی. منیش به‌ڵێنم پێدا. هاوڕێیه‌كمان بوو كه له جه‌ریانی ده‌رگیری له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی رژێم دا له‌گه‌ڵ یه‌ك یا دووكه‌سی تر له‌هاوڕێیانی پێشمه‌رگه‌ی دا به‌برینداری گیرابوون. ئه‌م هێشتا برینی له‌شی به‌ته‌واوی سارێژ نه‌ببۆوه.
له‌ماوه‌ی بازجوویی دا داوای لێده‌كه‌ن وتوێژه بكات بۆ تلویزیۆن ئه‌ویش ڕازی ده‌بێ و به‌پێی بۆچوونی خۆی به شێوه‌یه‌ك باس له‌وه ده‌كات كه به‌چ شێوه‌یه‌ك، له‌ماوه‌ی زینداندا، كۆماری ئیسلامی ناسیوه كه بكرێ كه‌سانێكی كه ده‌یبینن بتوانن به‌پێچه‌وانه‌ی چاوه‌ڕوانی رژێمیش ته‌فسیرو ته‌عبیری بكه‌ن. دیاره دوای ئه‌وه‌ی كه بۆ تێستی كۆتایی ده‌برێته‌وه لای به‌رپرسی زیندانی ئیتلاعات ئه‌ویش هه‌ست به‌وه ده‌كات كه هێندێك لهجوملهكان نارۆشنن و به‌م هۆیه‌وه ده‌یخه‌نه‌وه ژێر ئه‌شكه‌نجه‌و ئازارێكی زیاتره‌وه.
پێی وتم بنه‌ماڵه‌كه‌م، كاتی ملاقات وتوویانه كۆمه‌ڵه ده‌یه‌وێ بتان گۆرێتهوه. من شه‌ورۆژ له‌بیری ئه‌وه‌دام ئه‌گه‌ر ئه‌م كاره بكرێ من ڕه‌وانی ده‌بم چون منێك كه حازربووم بچمه سه‌ر تلویزیون كوا بایه‌خی ئه‌وه‌م ماوه ته‌نانه‌ت به‌سیجه خوێریهكیشم له به‌رابه‌ردا بدرێ! پێویست بهوتنه ئه‌م هاوڕێیه لهواحیدهكهی خۆیدا به‌رپرسی به‌شێك ببوو. وتی: پێویسته تۆ دوای رزگاربوون له‌زیندان ئه‌م په‌یامه‌م به‌فلان كه‌س بگه‌یه‌نی، ئه‌و كه‌سه‌ش ئه‌وكات فه‌رمانده‌ی یه‌كێك له گوردانهكان بوو، پێی بڵێی كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ئه‌م كاره بۆ من نه‌كه‌ن.
من پهیامهكهیم گه‌یاند. به‌ڵام هه‌لومه‌رجه كه وا بوو كه مه‌جالی هیچ موبادلهیهك له‌گه‌ڵ رژێم دا نه‌مابوو.
كوشتاری زیندانیانی سیاسی له ساڵی 67دا به‌به‌ر چاوی گشت ئه‌و ده‌وڵه‌ت و ناوه‌ندانه‌وه به‌رێوه‌چوو كه پێشتر دادی داكۆكی له مافی مرۆڤیان عاله‌می كه‌ڕ ده‌كرد. به‌ڵام، دوای كۆتایی هاتنی شه‌ڕی ئێران و عێراق، به‌و گومانه‌ی كه له‌داهاتوودا ئه‌وانیش به‌شداری خوانی چه‌وری بازسازی ئێران ده‌بن و به پاروو قازانج و پاره دهماڵنهوه، چاوپۆشیان له‌و جه‌نایه‌ته كرد. پێویست به ئاماژه‌یه خودی ڕژیمیش، به‌هه‌ست كردن به‌م مه‌سه‌له‌یه، هه‌له‌كه‌ی به له‌بار زانی و، بێ ڕاوه‌ستان، پیلانه‌كه‌ی به‌كرده‌وه ده‌رهێنا. سه‌رخۆشانی به‌ستنی گرێبه‌سته كهڵانه ئابوریهكانیش خۆیان لێ كوێر و كه‌ڕ كرد.
******************************************************************
******************************************************************
بیان دیدگاه