Feeds:
نوشته
دیدگاه

Archive for سپتامبر 2018

جۆئان، ژنە سروود بێژی ئازادی و بەرابەری ئینسان

 

لە فارسیەوە: سەعید ئەمانی

هەڵەیە ئەگەر پێمانوابێ، کە سەرمایەداری تەنیا ئاستی ژیان و بەڕیچوونی کۆمەڵانی خەڵکی دنیای بە ئاشکرایی کردۆتە ئامانج. ئەوە هەموو پانتایی ژیانی ئینسانیە، کە کەوتۆتە ژێر گورزەوە. بۆ پاراستن و بەردەوام هێشتنەوەی حەیاتی سەرمایەداری، و بۆ سەپاندنی ئەم هێرشە، مۆسیقا و گۆرانیش زیاتر لە ڕابردوو[ بە چەشنی سینەما و…] لە پاڵ باقی ناوەند و دامەزراوەکانی سەرمایەداریدا[ وەک مەزهەب، ئەڕتەش و…] ئەرک مەند کراوە. ئەرکێکی کە بێجگە لەوەی بە سڕ کردنی بیرو ئەندێشە و ڕەوانی کۆمەڵانی خەڵک پێناسە بکرێت وەسفێکی تر هەڵناگرێت. مۆسیقای ڕایج و باوی ئەمرۆیی، کە لە شەبەکە تەلەویزیۆنیە پڕ خەرج و زەبەلاحەکانەوە برەوی پێدەدرێت، گومانی تێدا نییە کە دەبێ وەک بەشێک لەم هێرشەی سەرمایەداری و دەرکەوتەیەک لە بەرەو پێش چوونی لە شەڕ لەدژی ژیانی ئینسانی- لە دۆخێکدا کە بزووتنەوە کرێکاری و سوسیالیستیەکان لاوازی و سستی دایگرتون- بە حیساب بێت. ئەم مۆسیقایە کە لە ناوەرۆکی فیلمە ویدئۆییەکانیدا، پەیام هێنەریی ژیانێکی بەڕواڵەت، خۆش و پڕ لە کامەرانیە، لە سەروەت و سێکس و ئیعتیادەوە سەرچاوەی گرتوە، دەیەوێ چاوی ئەقڵ و بەسیرەتی جەماوەری خەڵک و بە تایبەت لاوان و تازەلاوان بە بادی فەنادا بدات. گەرەکیەتی وێنایەکی درۆینە و فانتێزی لە ژیانێکی کامەران بخاتە بەرچاو و وێنەی ڕاستەقینەی نابەسامانی و موسیبەتەکانی ئەم دنیایە وەک: شەڕ، بێکاری، بێ خانە و لانەیی، هەژاری، برسیەتی، نەخۆشی و هیتر لەبەرچاوان وەن بکات. دەیەوێ باوەڕیان پێ بێنی کە پێویستە لە بیری خۆیاندابن و خەمی کەسانی تر نەخۆن. چون دنیا هەر ئەوەیە کە هەیە! لە ناوەرۆکی پەرەسەندنی مۆسیقای هەرزە و گوێ لەمستی سەرمایەدا، ناسینەوە و چوونەوەسەر ئەو کەسانەی کە مۆسیقا و گۆرانی بەچەشنێکی تر تێدەگەن؛ ڕەنج و ئازارەکانی خەڵکی کرێکار و هەژار و ژێر دەست لە بەرهەمەکانیاندا ڕەنگ و دەنگدانەوەی هەبوو، تا ڕاستیەکانی ئەم دنیایە لەبیر نەچنەوە؛ ئەوین و خۆشەویستی، ڕێز، یەکسانی، ژیانی ئینسانی، و هەموو شتێکی باشیان بۆ سەرجەم خەڵکی دنیا دەویست و مۆسیقاکەشیان هەر خستبووە پێناو ئەم ئامانجەوە؛ کارێکی گرنگە. جۆئان بائیز لە زومڕەی ئەم جۆرە کەسانەیە. گۆرانی بێژێک کە خەڵکی خۆشدەویست. رێزی لە کاسایەتی ئینسانییان دەگرت. گۆرانی بێژێکی کە دۆست و پشتیوانی کرێکاران و زەحمەتکێشان بوو. شەڕ، هەڵاواردن، گرتن و زیندانی کردنی ئینسانەکانی پێ قەبوڵ نەدەکرا. کۆرانی بێژێکی کە نەک ئامریکایی، بەڵکو کەسێکی ئەنترناسیۆنالیست بوو. لە ئامریکا بەرەنگاری سیاسەتی شەڕخوازانە و تەبعیز ئامیزی دەوڵەت دەبویەوە. لە ئیڕلەندی باکۆر، خۆپیشاندانی وەڕێدەخست. لە فەلەستین و سارایڤۆ، گۆرانی بۆ خەڵکی دڵ پڕ لە ئێش و ئازار دەچڕی. گۆرانی بێژێکی کە دەنگە گەرم و بە سۆزەکەی، دروشمە لەدڵ نزیکەکانی، و موزیکە زەمینیەکەی لە ناڕەزایەتی بە هەموو ئەو شتانەی لەدژی مرۆڤ و مرۆڤایەتی بوون، بەکاردێنا. جۆئان بائیز، بەرهەمی سەردەمە مێژوویەکەی بوو. دەورەیەکی کە بزووتنەوە جەماوەریە کرێکاریەکان هێشتا بە گوڕ و تینەوە لە ئارادا بوون. دەورەیەکی کە هەربەم ئیعتیبارەوە، بزووتنەوە دژبە شەڕەکەی، بزووتەنەوە دژی هەڵاواردنەکەی و سروود بێژەکانی ڕەنگ و بۆیەکی تریان هەبوو.
با بە یەکەوە چاوێک بە هەوراز و نشێوەکانی ژیانی هونەری و کۆمەڵایەتی ئەم کۆرانی بێژە مەزنەدا بخشێنین. و دواتر دەقی چەند سرودێکی بخوێنینەوە، کە خۆیان باشترین ناسێنەری ئەم سروود بێژە ئازادی و یەکسانی خوازەی ئینسان و مرۆڤایەتین.
***
جۆئان بائیز لە ساڵی ١٩٤١، لە نیویۆرک، لە دایک بووە. یەکەم جار لە ژوئێنی ساڵی ١٩٥٨ دا، دوای وەرگرتنی دیپڵۆم، نەوارێکی گۆرانی ئازمایشی بۆ کۆمپانیایەکی پڕکردنەوەی کاسێت تۆمار دەکات، کە لەلایەن کۆمپانیاکەوە پەسند ناکرێت. دوای ئەوە، بۆ درێژەدان بە خوێندن، لە زانکۆی بۆستۆن ناونووسی دەکات؛ بەڵام لەبەر ئەوەی کە بیری لای» مۆزیک و کۆرانی خەڵکی» دەبێت، زۆر زوو زانکۆ بەجێدێڵێ و بەگشتی خۆی تەرخانی کاری مۆسیقا و گۆرانی دەکات. لە ساڵی ١٩٥٩ دا، کاری گۆرانی بێژی لە کولوپی ٤٧ کە تایبەت بە گۆرانی خەڵکی بوو، دەست پێدەکات و بە خێرایی دەبێتە جێی سەرنج و خۆشەویستی خەڵک.
لە ساڵی ١٩٦٢، حوزوری چالاکانە و پڕ شوری جەوئان لە بزووتنەوەی مافی مەدەنیدا، ناوی ئەوی وەک داکۆکی کارێکی مافی یەکسان بۆ گشت ئینسانەکانی خستە سەر زاران.
یەکەم تۆڕی کۆنسێرتەکانی لە زانکۆکانی باشوری ئامریکا، کە زیاتر سەربە ڕەشپێستەکان و خەڵکانی ئامریکای لاتین بوون و هەڵاواردنی ڕەگەزی بە توندی تێیاندا برەوی هەبوو، پێشوازی گەرمیان لێکرا.
لەساڵی ١٩٦٣، ئاڵبۆمی» جۆئان بائیز لە کۆنسێرتدا»، خەڵاتی باشترین ئاڵبۆمی خەڵکیی لە» گرامی ئاواردز»، دەباتەوە. هەر لەم ساڵەدا، جۆئان، رێبەری کردنی بزوتنەوەی هونەرمەندان سەبارەت بە بایکۆت کردنی شەبەکەی ABS ( یەکێک لە گەورەترین ڕاگەیەنەرەکانی ئامریکا و دنیا) ی- سەبارەت بە دەربڕینی ناڕەزایەتی بە بڵاو نەکردنەوەی بەرنامەکانی پیت سیگر لەم شەبەکەیەوە بە هۆی چالاکیە سیاسیەکانیەوە- دەگرێتە ئەستۆ. لە مانگی ئوتدا، جۆئان لە بەردەم ٢٥٠ هەزار کوێگردا لە واشنگتۆن، سروودی» ئێمە سەردەکەوین» دەچڕێت.
ساڵی دواتر، نۆرەی دەربڕینی نارەزایەتیەکی بەهێزە لە دژی شەڕی وێتنام. جۆئان، نەوەد لەسەد لە ماڵیات بەر داهاتی خۆی( واتە مەبلەغێکی کە لەلایەن دەوڵەتی ئامریکاوە بۆ یارمەتی بە بوجەی شەڕ لەدژی وێتنام تەرخان کرابوو) نادات. ئیدارەی دارایی ئامریکا دژ کردەوە دەنوێنێ؛ بەڵام ئەو تا دە ساڵی داهاتوش لە دانی ئەم بڕە ماڵیاتە خۆ دەپارێزێ.
لە ساڵی ١٩٦٥ دا، جارێکی تر جۆئان خەڵاتی باشترین گۆرانی دەباتەوە: بۆ گۆرانی» لەوێ تەنیا بۆ سەروەت». لە مانگی ماڕسی هەر ئەو ساڵەدا، لە ڕێپێوانێکدا بۆ دەستەبەر کردنی مافە کۆمەڵایەتیەکانی خەڵک لە شاری سلما تا مونتگمری، لە ویلایەتی ئالاباما، بەشداری دەکات. لە مانگی ئوتیشدا لە خۆپیشاندانی دژبە شەڕی وێتنام لە بەردەم کۆشکی سپیدا ئامادە دەبێت.
ساڵێک دواتر، جۆئان رێپێوانی دژە جەنگی لە ئاڵمانی ڕۆژئاوا لە رۆژی» ئیستێر» ی رێبەری کرد. لە مانگی سیپتامبردا، لە پاڵ مارتین لوتێرکینگدا لە ڕێپێوانی شاری گرانادا، لە ویلایەتی می سی سی پی، هاواری ناڕەزایەتی دەربڕین بە تەمبێ کردنی جەستەیی و کردار و هەڵسوکەوتی توندوتیژی ئامێز لەگەڵ مناڵانی ڕەشپێستی لە مەدرەسەکانی ئامریکای بەرز کردەوە. لە مانگی دیسامبردا، بۆ یارمەتیدانی کرێکارانی مانگرتوی مەزراکانی کالیفۆرنیا، کۆنسێرتێکی بەڕێوەبرد. هەرلەو مانگەدا، لە ناڕەزایەتی بە حوکمی ئێعدامی ٦٤ زیندانی، لە جێژنی کریسمەسی زیندانیانی زیندانی» کوئنتین» دا بەشداری دەکات و خوازیاری هەڵوەشانەوەی حوکمی ئێعدامی زیندانیەکان ئەبێت.
لە ساڵی ١٩٦٨ دا، لە ژاپۆن دەچێتەسەر شانۆ. لە کاتی ئیجرای بەرنامەکەیدا، لە لایەن وەرگێرەکەیەوە باس لە بۆچونە سیاسیەکانی دەکرێت. دواتر وەگێڕەکە دەڵێ، کە مەئمورەکانی سازمانی سیای ئامریکا ئەویان خستبوە ژێر گۆشارە، تا بۆچونە ڕاستەقینەکانی جۆئان بۆ بەشدارانی کۆنسێرتەکەی باس نەکات. هەرچەند سازمانی سیا، دخاڵەتی خۆی لەم بارەیەوە ڕەد دەکاتەوە؛ بەڵام جەوئان لە گەڕانەوەیدا بۆ ئامریکا ئیجازەی پێنادرێت، کە لە تالاری قانونی ئەساسی واشنگتۆن بەرنامە بەڕێوەبەرێت. جۆئان کۆنسێرتە بەخۆڕاییەکەی خۆی لە بەردەم ٣٠ هەزار کەس لە تماشاچیاندا لە پاڵ بینای» یادەوەریەکانی واشنگتۆن» بەڕێوەدەبات و شکۆمەندی هونەرمەندێکی ناڕازی خەڵکی و جەماوەری بە ڕووی دەوڵەتی ئامریکادا ئەکێشێ. ئاڵبۆمی» با منداڵەکان ڕزگار بکەین» هەرلەم ساڵەدا دەخاتە بازاڕەوە و داهاتەکەی بۆ یارمەتیدانی» مانگرتنی ژنان بۆ ئاشتی» تەرخاندەکرێت. لە مانگی ئۆکتۆبردا، لەگەڵ ١١٩ خۆپیشاندەری تر بە تاوانی داخستنی درگای هاتنە ژوورەوەی ستادی ناوەندیی هێزە چەکدارەکانی ئامریکا لە ئۆکلەندی کالیفۆرنیا دەگیرێت و بۆ ماوەی ١٠ رۆژ زیندانی دەکرێت. لە مانگی دیسامبردا، جارێکی تر بەهۆی دوپات کردنەوەی کرداری پێشوی، بە ٩٠ رۆژ زیندان مەحکوم دەکرێت، بەڵام دوای مانگێک لە زینداندا مانەوە ئازاد دەکرێت، لەبەر ئەوەی زیندانیەکان بڕیار ئەدەن کە لە رۆژی ئازاد بوونیدا دەست بدەنە ڕاپەڕین. لەترسی ئاخێزی زیندانیەکان، بەرپرسانی زیندان ڕێگا چارە لە ئازاد کردنیدا دەبینن.
لە ساڵی ١٩٦٨، دەردەکەوێ کە فرۆشرانی کاسێتەکانی جەوئان لە فرۆشگاکانی سەربە ئەڕتەشی ئامریکا قەدەغە کراوە. هۆکارەکەش ڕوونە: چالاکیە دژبە شەڕەکانیەتی. هەرلەم ساڵەدا، لە کۆنسێرتێکیدا لە لۆس ئانجلێس، ٢٠ لاوی ئامریکایی بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین دژبە شەڕی ویتنام، کارتەکانی ئامادە بە خدمەتی نیزامی خۆیان پێشکەش بە جۆئان دەکەن و لە چوون بۆ سەربازی خۆ دەبوێرن. دیسانیش خەڵاتێکی تری سەبارەت بە ئاڵبۆمی» هەموو رۆژێک ئێستا»، پێدەدرێت.
لە ساڵی ١٩٧٠، لە مانگی ئۆکتۆبردا، بۆ یارمەتیدانی بزووتنەوەی یۆنان، ٣ کۆنسێرتی یارمەتی لە تیاتری سۆنانیی بریکلی کالیفۆرنیا بەرێوەدەبات. لەم کۆنسێرتانەدا، هونەرمەندانی کۆچبەری یۆنانی: ملینا مرکوری، جۆلس داسین و … بەشدار بوون.
دوو ساڵ دواتر، جارێکی تر جۆئان خەڵاتی باشترین ژنی کۆرانی بێژ بەدەست دێنێ. و یەکێک لە کۆرانیەکانی وەک باشترین گۆرانیەکانی ساڵ هەڵدەبژێردڕێت. لە مانگی ژوئێنی هەرئەو ساڵەدا، جۆئان لە خۆپیشاندانی دژبە شەڕی» بازنە بە دەوری کۆنگرە» ی دایکان و مناڵانی ئامریکاییدا لە شاری واشنگتۆن بەشداری دەکات. خۆپیشاندانێکی شکۆدار، کە تێیدا دایکان و مناڵانی ئامریکایی لە ناڕەزایەتی بە شەڕ، بینای کۆنگرەیان بە لێک هەڵپێکانی پەنجەکانیان خستبوە گەمارۆی خۆیانەوە. لە مانگی دیسامبر، لە بارودۆخێکدا کە شاری هانۆی، پێتەختی وێتنام، لەژێر هێرشی توندی ئاسمانی ئامریکادا بوو، بۆ گەیاندنی نامە و دیاریەکانی کریسمەسی زیندانیانی ئامریکایی دەچێت بۆ هانۆی. ئاڵبۆمی» کوڕەکەم ئێستا لەکوێی؟» کە لە ساڵی ١٩٧٣ بڵاو دەبێتە، حاسڵی ئەم سەفەرەیە.
لە مانگی ئاوریلی ١٩٧٥، ئاڵبۆمێکی تری لە پلەبەندی» پلەی زێرین»دا جێدەگرێ. جۆئان هەرلەم ساڵەدا، بۆ چەندەمین جار، لەگەڵ باب دیلان کە دۆستێکی نزیکی بووە لە کۆنسێرتێکدا بەشداری دەکات.
لە ساڵی ١٩٧٦، بەشداری خۆپیشاندانی خەڵکی ئیڕلەندی باکور بۆ ئاشتی دەکات. ساڵی دواتر، ئەوە ئیسپانیایە کە بەهۆی حوزوری جەوئانەوە دەکەوێتە لەرزە. کۆرانیی ئیسپانیایی» ئێمە ناجوڵێین» ی بە شێوەی ڕاستەوخۆ لە تەلەویزیۆنی میللی ئیسپانیاوە لە حاڵێکدا ئیجرا کرد، کە بڵاو کرانەوەی ئەو گۆرانیە لە ٤٠ ساڵ لەوە پێشەوە بە دەستوری ژنڕاڵ فرانکۆ قەدەغە کرابوو. هەرلەم ساڵەدا، گەشتە کۆنسێرتیەکانی ئوروپا و ئامریکای جۆئان بەڕێوەدەچێت. یەکێک لە کۆنسێرتەکانی ئامریکای بۆ زیندانیانی زیندانی» سولداد» دەبێت.
لە ساڵی ١٩٧٨ دا، لە چەندین خۆپیشاندان و ڕێپیوندا لە ناڕەزایەتی بە چەکە ئەتۆمیەکان بەشداری دەکات. بڕیاردەدا لەگەڵ گوروپی سانتانا، کە گوروپێکی بەناوبانگ بوە، کۆنسێرتێک لە رۆژی ٤ ی مانگی ژوئێن لە لینینگرادی شورەوی ئەوکات بەڕێوەبەرێت؛ بەڵام ئەم کۆنسێرتە، بەبێ هیچ روون کردنەوەیەک لەلایەن کاربەدەستانی دەوڵەتیەوە هەڵدەوەشێتەوە.
لە ساڵی ١٩٨٠، جەوئان دڵخوازانە بۆ گەیاندنی خۆراک و دەرمان بە خەڵکی ناوچەی رۆژهەڵاتی کامبۆج دەچێت بۆ ئەوێ. لە ساڵی دواتریدا، لە گەشتی کۆنسێرت بۆ» مافەکانی مرۆڤ لە ئامریکای لاتین» ئیجازەی بەڕێوەبردنی کۆنسێرتی لە شیلی و بریزیل و ئارژانتین پێ نادرێ بەڵام لە نیکاراگوئە بەرنامە بەڕێوەدەبات و لە لایەن خەڵکەوە پێشوازیەکی گەرمی لێدەکرێت.
لە ساڵی ١٩٨٣، ئاڵبۆمی» زیندووی ئوروپای ٨٣» لە کۆنسێرتەکانی ئوروپا و کانادایدا بە شێوەی زیندوو تۆمار دەکرێت. ئەم ئاڵبۆمە لە فەرانسە، خەڵاتی» ئاڵبۆمی تەڵایی» بەدەست دێنێ. لە ١٥ ی مانگی ژوئینی ئەو ساڵەدا، جەوئان بۆ ئاشتی و بەرەنگار بوونەوەی توندوتیژی، لە بەردەم ١٢٠ هەزار کەسدا لە مەیدانی کنکۆردی پاریس، کۆنسێرتێکی بە خۆڕایی بەڕێوەبرد.
لەساڵەکانی ١٩٨٦ و ١٩٨٨، لە کۆنسێرتەکانی ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەییدا لەژێر ناوی» پیلانی ئومید» و » مافەکانی مرۆڤ، ئێستا» بەشداری دەکات و خەڵک لەدژی ئازار و ئەشکەنجە و لە پێناو ئازادی زیندانیانی سیاسیدا هەڵدەخڕێنێ. لە ساڵی ١٩٨٧ تیشدا لە سەفەرێکیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوین، بۆ خەڵکی فەلەستین و لێوارەی رۆژئاوا، کۆنسێرتی بەخۆڕایی بەڕێوەدەبات.
لە ساڵی ١٩٨٨، گۆرانی» ئاسیمبونانگا» ی جۆئان، وەک باشترین گۆرانی خەڵکی سەردەم، خەڵاتی» گرامی ئاواردز» ی پێدەدرێت.
لە ساڵی ١٩٩٣، دەچێت بۆ وڵاتی شەڕ لێدراوی بۆسنی و هێرزەگوین، تا سەرنجی خەڵکی دنیا بەرەو ڕەنج و ئازارەکانی ئەم خەڵکە ڕابکێشێ. لە شاری سارایو، جەوئان یەکەم هونەرمەندێکی بەناوبانگە کە گۆرانی بۆ خەڵک دەڵێت. لە مانگی ئۆکتۆبری ئەو ساڵەدا، کۆنسێرتێکی لە دوڕگەی ئالکاتراز ی سانفرانسیسکۆ( شوینی پێشوی زیندانی بەناوبانگی فیدڕاڵی ئامریکا) بەرێوەبرد و داهاتەکەشی بۆ» ڕێخراوی نان و گوڵی سوور» تەرخان کرد.
*** ئەمەش چەند نموونەیەک لە دەقی سروود و گۆرانیەکانی:

» سەرجەم دایکانی ماندووی دنیا»
سەرجەم دایکانی مانووی سەر ڕووی زەوی
سەرئەنجام هێور دەبنەوە
ئێمە مناڵەکانیان لە ئامێز دەگرین و
باشترین هەوڵی خۆمان ئەخەینەگەڕ
کاتێک خۆر بەسەر پێدەشتەکاندا دەخزێ
ئەوان ڕێگا بۆ ئەوین و گۆرانی دەکەنەوە
دەچن بەپیریەوە و
دایکانی ماندووی دنیا ئارام دەگرن.
جوتیار بەسەر تەراکتۆرەکەیەوە
لەپاڵ زەویە کێڵدراوەکەیدا
سەرسام ڕادەوەستێ
کاتێک ئێمە مەزراکەی بۆ دەدێرین
بە فرمێسکی ئەو بازرگان سفەتانەی کە
خۆیان دەزانن چۆنیان لەگەڵدا جوڵاونەتەوە.
جوتیارانی ماندووی سەرزەوی هێور دەبنەوە و
کرێکارانی چەوساوەی دنیا
سەرلەنوێ سروود ئەڵێن و
بەشێوەی کۆڕ و بە کۆمەڵ
مژدە ئەدەنە هەموان:
» ئێمە ئیتر دەست بەتاڵ نابین
چون لەمەولا کۆیلەی کەس نین.»
کرێکارانی دنیا سەرلەنوێ سروود ئەڵێن و
کاتێکیش لە هەموو دنیادا
سەربازەکان جلە سەربازیەکانیان ئاگردا
سەنگەری سەر سنوورەکان چۆڵ کرا
جەنابی ژنراڵیش کاتێک دەچێ بۆ بازدید
سەربازەکان لەبیریان کردوە و
ژنان و پیاوانی ماندووی دنیاش ئارامیان گرتوە.
» قەسیدەی ساکۆ و وانزتی»*

باوکە، بەڵێ من زیندانیم
مەترسە لەوەی تاوانەکەم ڕابگەیەنی
تاوانێکی کردومە خۆشویستنی هەژاران و چەساوانە!
ئەمە شەرم نییە
شەرم تەنیا بێدەنگ بوونە و
ئێستاش پێت ئەڵێم چی لە دژمانە،
ئەو هونەرەی کە چەندین سەدە بە زیندوویی ماوەتەوە!
لەپێچ و خەمی ساڵەکان تێپەڕی، ئەوجار دەزانی
چ شتێک سەرتاپای مێژووی تاریک و لێڵ کردوە،
یاسا لەدژی ئێمەیە!
بەو گشتە عەزەمەت و بەرینایی و هێزەوە،
یاسا لە دژمانە!
پۆلیس ئێستا دەزانێ چلۆن کەسێک
بە تاوانبار یان بێ تاوان بناسێنێ،
هێزی پۆلیس لە دژی ئێمەیە!
لە پاداشتی ئەو درۆ بێ شەرمانەدا کە
کەسانێک کردویانە
زیاتر لە پێشوو پارە ئەبەخشرێتەوە
هێزی پارەش لەدژی ئیمەیە!
نەفرەتی نیژادی ش لە دژی ئێمەیە!
وە ئەمەش حەقیقەتە کە ئێمە دەست بەتاڵین!
باوکی خۆشەیستم، من زیندانیم
شەرم مەکە لەوەی تاوانەکەم باس بکەی
تاوانی خۆشەویستی و برایەتی، و
ئەوە تەنیا بێدەنگ بوونە کە شەرمەزاریە!
من خۆشەیستی و بێ تاوانیەکەمم لەگەڵدایە و
کڕێکاران و هەژاران.
سەبارەت بەمانەیە، بەتوانام و پارێزراو و
خاوەنی هومێد و هیوا.
بۆ ئەنجادانی ڕاپەڕین و شۆڕش، دۆلار پێویست نییە
لەجیاتی ئەو، ئەمانە پیویستن:
هێزی بیر کردنەوە، خۆڕاگری، وشیاری و
ئەوین و مرۆڤ دۆستی!
تۆ نەدزی دەکەی، و نە کەسیش دەکوژی
کائینێکی ئومێد و ژیانی.
شۆڕش دەست بەدەست دەگەڕێ
لە ئینسانەوە بۆ ئینسان و
لە دڵەوە بۆ دڵ.
وەک لە ئەستێرەکان دەڕوانم
هەست دەکەم ئێمە نەوەی ژیانین و
مردن داماو و زەبوون.
……………
* * *

*- نیکۆلا ساکۆ و بارتولومە وانزتی، دوو هەڵسوڕاوی ئاناڕشیستی ئیتالیایی تەباری ئامریکا بوون، کە لە دژی حکومەتی سەرمایەداری و چەوساندنەوەی کڕێکاران خەباتیان دەکرد. حکومەتی ئامریکا، بەم تاوانە، نیکۆلای لە ساڵی ١٩٢٧ دا بە ئێعدام مەحکوم کرد. و جۆئان بائیز ئەم سروودەی لە وەسفی ئەو و دوو کەسی تردا وتووە.

Read Full Post »

Read Full Post »