ئامادە کردنی» سەعید ئەمانی»
» بەهار»
بەهار عەتری نزیك بوونەوەی
بە بەرۆكی
گوڵەباخی باخچەكەمدا پژاندووە
نووكی پەنجەی ئەرخەیانی
تەزووی ترسی
خونچەكانی تاراندوە.
لەناخەوە:
بەفرمێسكی ڕنووی بەفر و
نێوچاوانی گرژی زستان
پێدەكەنێ.
» سەعید ئەمانی»
******
چەپکێک گوڵاڵە سورەی گەش، لەگەڵ شنەی پڕ لە عەتری بەرەبەیانی بەهاران، ئاوێتە بە بزەی خەمڕەوێنی مناڵە دڵ بەهاریەکانتان پێشکەش دەکەین، و نەورۆزی ساڵی نوێتان پیرۆزبایی پێ دەڵێین!
هەر بەهارێک تۆوی هەزاران بەهاری ئارەزوو لە دڵاندا دەچێنێت، ئارەزووی ئەوەی کە هەوری ڕەشی کۆسپ و ئاستەنگەکانی ژیانی پڕ لە هەژاری و بەش مەینەتی لە ئاسمانی ڕوونی ژیانمان ڕابماڵین، خۆزگەی ئەوەی کە شادمانی وەک پەپولەی بەهاریی لەسەر گوڵی گۆنای هەموو ساواکانمان بنیشێت و تریقەی قاقا و پێکەنین دڵمان فێنک بکاتەوە. ئارەزووی ئەوەی کە دنیایەکی نوێ بنیاد بنێین، کە تانوپۆکەی، ئازادی و یەکسانی مرۆڤەکانی تێدا تێکتەنرابێ و ستەم و نابەرابەری و چەوساندنەوەی تێدا دیار نەبێ. خۆزگەی ئەوەی کە ژینمان بەردەوام کەیلی بەهار بێت.
ئەگەر سروشت هەموو ساڵێک بەهار دێنێ، گەرمایی ژیان وەبەر گیانی زەوی دەنێ، زەوی و دارو گەڵا سەوز دەکات و گوڵ دەپشکوێ، ئێمەش بەش مەینەتان گەر بتوانین بە هەوڵ و تێکۆشانی خۆمان، بە یەکگرتویی و بە خەباتی بێ وچانمان بۆ ڕزگار بوون لە کۆت و بەندی چەوساندنەوە، دنیایەکی ئازاد و یەکسان بنیاد بنێین، دەبینە خاوەنی ژیانێکی پڕ لە حەسانەوە، دوور لە چەسانەوە، دنیای بەهاری ڕزگاری ژیان لە چنگ زەخت و زۆرداری ستەمکاران، ڕزگار بوونی ئاو، ڕزگار بوونی نان، ڕزگار بوونی کار لە داوی زێدەخوازان و کەسانی مشەخۆر و چاوچنۆک. بەهاری ئازادیی مرۆڤەکان لە کۆت و بەندی کۆیلایەتی.
نەورۆز جەژنێکی سروشتییە، کۆتایی وەرزی زستان و سەرەتای وەرزی بەهار و بوژانەوەی سروشتە، هەربۆیە بەپێی ئەم گۆڕانکارییە سروشتییە و بەهۆی کۆتایی هاتنی وەرزی سەرما و سۆڵە و دەستپێکردنی وەرزی بەهارەوە زۆرێک لە گەلان ئەم بۆنە سروشتییەیان کردووەتە جەژن. جێژنێک کە بە بۆنەی دەرچوون لە سەخڵەتی و گەیشتن بە فەرعانە و گرانەوە بەڕێوەی دەبەن. کرانەوە و فەرعانەیەک کە تێیدا تین و تەوژمی ژیان ئاژین دەبێتە گیانی سەرجەم گیانلەبەرانی شروشت و دەیان بووژینێتەوە و خۆری ئازادی و ڕزگار بوون لە بەندی سەرماو سۆڵەی زستانی تێدا هەڵدێت:
» نەورۆز «
رۆژ لە ئاسۆی سوور شەوق ئەداتەوە
ئەڵێ ئەمساڵیش نەورۆز هاتەوە
سروشت سەرپاکی جوانی ئەنوێنێ
وەک بووکی ڕازاو خۆی ئەخەمڵێنێ
دەشت و کوێستان و لوتکەی بەرزی کێو
بزەی بەهاریان کەوتۆتە سەر لێو
بەفری تواوەی سەر شاخی تەمبار
ئەبێ بە فرمێسک چۆڕ چۆڕ دێتە خوار
هاژەی شەتاوی بن کوێستانی بەرز
گابەرد ئەتلێنی، کەژ دێنێتە لەرز
کیژی دارستان لە شایی چەما
بە مۆسیقای ئاو دێنەوە سەما
باخ و ڕەزی شاخ یان مێرگ و چیمەن
خشڵی ڕازاوەی بژوێنی دیمەن
سەوزایی دەشت و زنجیرەی کوێستان
تاریف ناکرێ جوانی کوردستان
کەوی دڵداری ئازادی و جوانی
دەروونی کەیلی سۆزی گۆرانی
بەری حەسرەتی دڵ ئەکاتەوە
بانگی پەڕاوپەڕ دەنگ ئەداتەوە
لە سەر قەندیل و شاهۆ و نەکەرۆز
ئەڵێ گەلی کورد نەورۆزتان پیرۆز.
«ڕەحیم لوقمانی»
******
ئەوەیکە چ گەلێک یەکەمجار ئەم گۆڕانکارییە سروشتییەی کردووەتە جەژن بابەتی ئەم بەرنامەیە نییە، هەرچەندە بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان باس لەوە دەکەن کە یەکەمجاری دەگەڕێتەوە بۆ سۆمەرەکان کە دانیشتووی کوردستان و عیراقی ئێستا بوون، و دەڵێن کوردیش ئەم جەژنەی لەوانەوە وەرگرتووە، بەڵام بەو جیاوازییەوە کە کورد واتایەکی دیکەی بەو جەژنە بەخشیوە، واتە بۆ کورد نەورۆز و جەژنی بەهار تەنیا جەژنێکی سروشتی نەبووە، بەڵکو بەپێی ئەفسانەکان هەر لە کۆنەوە واتایەکی سیاسیشی بەو جەژنە داوە. لە کۆندا ئەفسانەی کاوەی ئاسنگەر و زوحاک هەبووە کە بەپێی ئەفسانەکە زوحاک دەسەڵاتدارێکی خوێنمژ بووە و خەڵکی کورد بە سەرکردایەتی کاوە لە دژی راپەڕیون و لە رۆژی نەورۆزدا کۆتاییان بە دەسەڵاتی زوحاک هێناوە.
لە سەردەمی نوێشدا لەناو شێعر و ئەدەب و سیاسەتی کوردیدا بایەخێکی زۆر بە نەورۆز دراوە، نەورۆز بووەتە بەشێکی گرنگ لە شوناسی دانیشتوانی کوردستان و ئەم بۆنەیە بەکارهێنراوە بۆ دژایەتی کردنی داگیرکاری وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، بۆ دژایەتی کردنی دزێویەکانی ژیان بە شێوەیەکی زەریف و بە هێما و ئاماژەی تایبەت و بۆ وسفی جوانیەکانی وەرزی بەهاری ژیان و شروشت:
بەشێک لە شێعری» کچی بەیان «
ن:» سوارە ئیلخانی زادە»
من ئەڵێم:
پەپوولەیەک فڕی بە باڵی سەوز و سوورەوە
من ئەڵێم:
گوڵێ بە دەم شنەی شەماڵەوە بزەی بزووت
تۆ ئەڵێی:
چ بوو پەپوولەیەک فڕی
یانە سوورەگوڵ، زەردە کەوتە لێوی ناسکی
من ئەڵێم:
ھەتا ھەتایە دەوری جوانییە
ئەمڕۆ گەر ھەتاو کەسیرەیە نەماوە ئاگر و گڕی
مێرگی ئاسمان بە سووتمانی ھەوری لۆکەیی نەزۆک
پڕ لە خاڵ و قۆپەنە
جەنگەڵێ کە جێ ژوانی پۆلە پۆڕی باڕییە
جێگە مۆڵی کەمتیار و گورگ و ڕێوییە
شۆڕەبی کە بۆتەداری چاکی بێ نەشە و شنە
زەلکە گەر تەیاری تێر و قۆشەنە
خۆشەویستەکەم!
لە پەنجەرەی نیوەتاکی بوومەلێڵەوە
چاوی من لە دیمەنی کچی بەیانییە
لە حەنجەرەی زەمانەوە
گوێم لە زەمزەمەی زوڵاڵی وردەکانی خیزەکانی کانییە.
…
جیا لە کورد چەندین گەلی دیکەی ناوچەکەش جەژنی نەورۆز بەرێوەدەبەن، لە ئەفغانستان و تاجیکستان، ئۆزبەکستان، ئێران و ئازەربایجان و هەندێک ناوچەی هیندستان ئەم بۆنەیە بەڕێوەدەچێت، بەڵام لەناو کورددا ئەم بۆنەیە گەرموگوڕتر بەڕێوەدەبرێت و واتایەکی سیاسیی و نەتەوەیی پێدراوە و کورد خۆی بە خاوەنی ڕەسەنی ئەم جەژنە دەزانێت و هەندێک لە لێکۆڵینەوەکانیش ئەم خاوەندارێتییەی نەورۆز بۆ کوردەکان پشتڕاست دەکەنەوە.
لە زۆربەی هەرەزۆری ئەدەب وفەلسەفە جیاجیاکانی جیهاندا وەرزی بەهار زیاتر وەکوو وەرزێکی سروشتی باس لێکراوە و نووسەران و شاعیرانی گەلانی جیهان جاروبار زیاتر لە دیدێکی ناتورالیستی سەرنجی وەرزی بەهاریان داوە، ئەوهش دەگهڕێتەوە بۆ ئەو کەریگەرییەی کە بەهار لەسەر مرۆڤەکان دایدەنێت و هەست و دەروونی ئەوان بە شێوەی جۆربەجۆر دەبزوێنێت.
راستە هەر وەرزێک لە ڕوانگەی جوانی ناسییەوە هەڵگری جوانی و شەنگی تایبەت بە خۆیەتی. ئەگەر وەرزی خەزان بۆتە هێما و نمادی خەم و پەژارە بە هۆی ئەو تایبەتمندییەی کە هەیەتی، وەکوو زەلان وسەرماو هەڵوەرین وکۆچ کردنی باڵندەکان و هتد، بەڵام بەم حاڵەشەوە شاعیران بە نیسبەت جوانییەکانی ئەم وەرزە چاویان نەنوقاندووەو هۆنراوەی جوان و بە پێزیان داناوە، بۆ نموونە مامۆستا گۆران لە شێعرێکدا سەرەتا پاییز بە «بووکی قژ زەرد» دەشوبهێنێت، بەڵام بە چاوانی پڕ گریان و هاوارێک لە بێدادی باسی پاییز دەکات، واتە نەفسی پاییز و تایبەتمهندییەکانی لەوە زیاتر مەجالی پێ نادا. تەنانەت ئەگەر «ئەخەوان سالس»ی شاعیری فارس دەبێژێت: کێ دەڵێ باخی بێ گەڵا جوان نیە، باخی بێ بەرگ، پێکەنینی ئەسرینێکە خوێناوی و… لە درێژە ئەم شێعرەدا «پاییز» بە پاشای وەرزەکان ناو دهبات. بەڵام دیسانەکە گۆشەنیگای هەر ڕوو لە وەرزی بەهارە کاتێک دەڵێت: باخی بێ هیواکان، چاو لە رێی هیچ «بەهار»ێک نیە. ئەمه دەرخەری ئەوەیە کە ڕەنگدانەوەی هەموو وەرزەکان بە جۆرێک گرێدراوە بە بەهارەوە. ئەوهش رەگ و ریشەی دەگەرێتەوە بۆ ئەدەبی کۆن و جاروبار پشت بە ئەفسانەکانیش دەبهستێ. هەر لە ئەدەبی فۆلکلۆری کوردیدا بە شێوە و ڕوانگەی جۆربەجۆرەوە بەهار بۆتە هەوێنی شێعر و قسەی نەستەق و مەتەڵەکان.
بەهار لە روانگە و مانیفستی شاعیرانی ئەدەبی بەرگرییدا کە بەشێکی زۆری ئەدەبی نوێی کوردی بە هۆی هەلومەرجی مێژوویی و سیاسیەوە گرتووتەبەر، هێمای سەرکەوتن و نمادی شۆڕشێکی بەربڵاوی گوڵ و دار و باڵندەو ئاوە دژ بە سەرما و سایەقە و بەستەڵەک..
هەر بۆیە مامۆستا هەژار لە سروودێکی بەهاری دا دەڵێ:
مزگێنی دا به سروه بای بههاری
وا هاتهوه نهورۆزی کوردهواری
به تیشکه تێک شکا سپای کڕێوه
ههواری ڕۆژ گهییشته خاکهلێوه
فهرمان درا به سهوزه سهر ههڵێنێ
چیدی له بهندی خاکی ڕهش نهمێنی
با دهرکهون گوڵ و کهسهر بنێژن
با ڕۆژی ڕزگاری بکهن به جێژن.
هەر بە لێکدانەوەیەکی سادە لەم چەند بەیت شێعری مامۆستا هەژار کە سەیرکردن و هۆنینەوەیەکی سیمبۆلیکە لە بەهار و تایبەتمهندییەکانی، ئەویش لە روانگەی شاعیرانی دەروەست و شۆرشگێرەوە کە ویستویانە لە بەهار و جوانیەکانی ڕەمزێکی دیکە بخوڵقێنن کە هەم وێژەوهەست و شێعری خۆیانی پێ بڕازێننەوە، هەمیش هەوڵ بدەن کە داوی دیلی و بەندی کۆیلەیی گەلەکەیان لە دەستی داگیرکەران و لە زستانی نەهامەتی بپسێنن. لە گۆران و هێمن و هەژار و کەسانی دیکەوە بیبگرە هەتا شاعیرانی ئەمرۆیی بەهار زیاتر و سەرتر لە وەرزێک بۆتە ئیماژوسووژەی شێعری و بە تایبەتی لە ژانری بەرگریدا، لە مێژە بەهار بۆتە رەمزی و ریشەی ئازادی و بەهاتنی هەستێکی خۆش و پرهیوا بەکۆمەڵگە بە گشتی و بەتایبەتی کۆمەڵگەی ئەدیبان و نووسەران دەبەخشێت.
بەھارە، جێژنە، رۆژی پێکەنینە
بەھار گۆوەندی ئاسمان و زەمینە
ئەوا جێژنی سەری ساڵ و سروشتە
زەماوەندی گوڵانە، ھەڵپەڕینە
وەرە ئەی دڵبەرم خۆت دامەشارە
کە ئەمرۆ رۆژی دڵداری و ئەوینە.
» موحەممەد ساڵەح سووزەنی»
******
بیان دیدگاه