بلووری شێعری فرووغ و هه‌ڵوه‌داییه‌كانی ژیانی
لە فارسیەوە: سەعید ئەمانی
شێعره‌كانی فرووغ، بێ‌سنوور و بێ باك، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی قووڵبوونه‌وه و وردبینی فكری و خه‌باته ده‌روونییه‌كانین له‌ده‌وره‌ی ژیانی كورتیدا. ئه‌و له گۆڕەپانی ژیاندا، و له ده‌رخستنی خۆی دا هه‌ر به‌و شێوه‌ی بوو بیری ده‌كرده‌وه و ئازایه‌تی و كردارگه‌لی تازه‌ی له خۆی پیشان ده‌دا. هەڵسوکەوت و رۆحیاتی ژنێكی سوننه‌تی له خۆی ده‌رنه‌ده‌خست. هه‌ر لێره‌وه‌یه كه شێعره‌كانی سه‌میمیه‌ت، بێ ڕیایی و بێ باكی ئه‌و به روونی ده‌نوێنن. خۆی وه‌كوو هه‌یه ده‌رده‌خات و له‌م ڕاگه‌یاندنه ئازاده‌دا، دامێنی گومان و دڵ نیگه‌رانی گشت پێشهاته‌كان به‌ر ئه‌دات. به شێوه ژیانی كراوه و ڕاستگۆیانه‌ی خۆی، نه‌ریتی زاڵ به‌سه‌ر ژن‌دا، كه رووپۆشێك له نه‌هێنیكاری و كرداری ناڕاسته‌قینه گیان و دنیای ئه‌وی داده‌پۆشی، تێپه‌ڕاند تا خۆی له كۆت و به‌ندی پیاوسالاری و ڕه‌ت كردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خویی و نه‌بوونی ماف به‌ده‌ست هێنان ڕزگار بكات. ئه‌و نه‌ته‌نیا له شێعردا به‌ڵكو له دابین كردنی مافی به‌رابه‌ر و ڕیفۆرمی كۆمه‌ڵایه‌تیشدا، نوێنه‌ری مۆدیڕنیته و ڕێبواری تازه‌گه‌رییه. بایه‌خی ئه‌ده‌بی شێعره‌كانی فرووغ، كه له جوانی واژه‌كان و له داهێنانی ڕواڵه‌ت و مانا تازه‌كاندا خۆی ده‌نوێنێ، له بنه‌ڕه‌تدا له په‌یوه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕاستگۆیی و سه‌داقه‌ته‌ی ئه‌و دایه و قه‌رزداری كه‌سایه‌تی نوێ خواز و نه‌ریت شكێنی ئه‌وه. ڕوانینی نوێ و ئازاد ئه‌ندیشی ئه‌و له‌مپه‌ره‌كانی سنووری كۆمه‌ڵایه‌تی، حوكم و زۆرداری و تایبه‌تمه‌ندی بنه‌ماڵه‌یی و جه‌خت و گوشاره‌كانی خۆشبه‌ختی به ئاكام گه‌یشتنی خیزان قبووڵ ناكات. خۆپشكنینه‌كانی مرۆڤی باوه‌ڕمه‌ندی ئه‌و هه‌ڵوه‌دای خۆ دۆزینه‌وه‌ی ژنێكه، له هه‌ڵچوون و داچوونێكی گیان تاوێندا، تێده‌كۆشێ به‌دیهێنانێكی نوێ له‌خۆی، له‌ناخی نائارامی جیهانی بووندا به كرده‌وه ده‌ربێنێ و بخوڵقێنێ.
شێعره‌كانی سه‌مه‌ره‌ی ئه‌م هه‌وڵ و گه‌ڕانه نوێ خوازانه‌یه. خۆی ئه‌ڵێت:» زمان و شێوه‌ی خۆم و دنیای فكری خۆم نه‌دۆزیبۆوه. له‌نێو شوێنێكی به‌رته‌سك و چكۆله‌دا بووم كه نێوی ده‌نێم ژیانی بنه‌ماڵه. دواتر به یه‌كجاری خۆم له‌م قسه و باسانه داته‌كاند.
شوێنه‌كه‌ی خۆم گۆڕی، یانی به‌ناچار و به شێوه‌ی سروشتی گۆڕا.
» دیوار» و » عصیان» له ڕاستیدا په‌له‌قاژه‌یه‌كی بێ‌هیوایانه‌یه له به‌ینی دوو ده‌وره‌ی ژیاندا. ئاخرین هه‌ناسه‌دانی پێش شێوه‌یه‌ك ڕزگار بوونه.»
ئه‌و وه‌كو ژنێك، ڕاساو و دژبه قورسایی باری گرانی ئه‌و زوڵم و سووكایه‌تی پێكردنه‌ی كه له قووڵایی ویژدان و هه‌ستی خۆی دا هه‌ستی پێده‌كات، شێعر وه‌ك ڕێگا ده‌رباز بوونێك چاو لێده‌كات بۆ ڕه‌واندنه‌وه‌ی ته‌می ئه‌و زه‌خت و گوشار و خه‌مه زۆره‌ی ئه‌ویان گه‌مارۆ داوه. ئه‌و ناڕازی له هه‌ل و مه‌رجی ئێستا، قاره‌مانانه ده‌روون و جیهانی خۆی ده‌پشكنێ تا هێزی پێویست بۆ جیابوونه‌وه له کۆت و بەندی سووكایه‌تی و گومان له خۆیدا كۆبكاته‌وه. ئه‌م پڕوژه‌یه له» له‌دایك بوونێكی تر»دا ده‌بێته هۆی ڕاسانی دژ به حجله نشینی » دیوی تایبه‌تی بووك و زاوا» ئه‌و ئێستاش ژنێكی غه‌مگینه به‌ڵام ئیتر خۆی وه‌ك نیوه‌یه‌كی ون بوو ناناسێنێت. به ڕزگار كردنی خۆی له بۆچوونه موومیایی كراوه‌كانی فه‌رهه‌نگ و نه‌ریت، ئیستا فرووغ ڕێگاگه‌لی تازه‌ی تر بۆ تاقی كردنه‌وه و ناساندنی خۆی ده‌گرێته به‌ر.
شێعری فرووغ، شیله‌ی کۆمەڵێک هەستی سه‌رچاوه گرتوو له پێشێل كرانی ئاوات و ئاره‌زووه‌كانه. ئه‌و ڕاساو و ڕاپه‌ڕیوێكی دژ به» منی مێژوویی» خۆیه‌تی كه هێل و سنوور بۆ شه‌یدایی و هه‌ڵوه‌دا بوون به شوێن ئاواته‌كاندا ده‌كێشی، به شوێن به‌ده‌ست هێنانی پێناسه‌یه‌كی ئازاد له پانتایی جیهانی مۆدێڕن دایه.
فرووغ ڕۆلی نێرینه‌یی خۆی دێنێته گۆر و سه‌رزه‌نشی ده‌كات تا له» له لەدایك بوونێكی تردا» ده‌ستی بگاته پله‌ی ئازادی خۆنیشاندان. ئه‌و دوای په‌له‌قاژه‌یه‌كی زۆر، پله‌ی ڕزگار بوونی ڕۆحی خۆی به‌ده‌ست هێنا و به كه‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆ و ئازاد ئه‌ندیشی خۆی گه‌یشت.
ژیانی ئه‌و، جیا له شیعره‌كانی، بۆ خۆی ته‌رحێكی نوێ له‌ژیانی ژنێك دایه. هه‌ر وه‌كو چۆن ڕێبازی شێعری فرووغ، خۆی تایبه‌تی و تاقانه‌یه و كرده‌وه‌یه‌كی بێ بایه‌خ و نموونه سازی له كرداری كۆمه‌ڵایه‌تی، خووخده‌كان، و ژیانی فرووغ دا و چاره‌یه‌كه له‌ڕێ پشكنینه‌كانی ژنانی ئازاد ئه‌ندیش و نوێ خوازی ئه‌مڕۆدا. ڕه‌وشت و كردار و داستانی فرووغ، مانا و هه‌ستی شاراوه‌ی ئه‌و له شێعره‌كانی دا به باشی ده‌رده‌خات. شێعره‌كانی ده‌بێ له‌ناخی ئه‌و ئه‌زموون و ده‌ركانه‌دا كه ئه‌و، له مه‌ودای ته‌مه‌نی كورتی خۆی دا، له‌نێویاندا ڕوواوه و باڵای كردوه تێبگه‌ین و لێكبده‌ینه‌وه. بێ‌هاوتایی و ڕاشكاوی شێعره‌كانی له به‌رانبه‌ر به دوودا چوونی ناسنامه‌ی پڕ له ترس و دڵه‌ڕاوكێی كه‌سایه‌تی ئه‌ودا، نیشانه‌ی سه‌ركه‌وتنی له ڕواڵه‌ت و ناوه‌رۆك دایه. له پێشه‌كی یه كدا كه بۆ هه‌ڵبژارده‌یه‌ك له شێعره‌كانی نووسیوه ده‌ڵێ:
«…باوه‌ڕم به شتێكی دیكه‌ش هه‌یه و ئه‌ویش «شاعیر بوون»ه له‌گشت ساته‌كانی ژیاندا. شاعیر بوون یانی ئینسان بوون.
هێندێك كه‌س ده‌ناسم كه كرده‌وه‌ی رۆژانه‌یان هیچ په‌یوه‌ندی یه‌كی به شێعریانه‌وه نیه.
واته ته‌نیا كاتی شێعر وتن شاعیرن. ئیتر دوایه كۆتایی دێت. و ده‌بنه‌وه كه‌سێكی ئاسایی چاو چنۆك و سه‌گ له‌وه‌ڕێن و زاڵم و ته‌نگ نه‌زه‌ری به‌رچاو ته‌نگ و بێ بایه‌خ.»
» له‌دایك بوونێكی تر» و دواهاته‌كانی نیشانده‌ری ده‌ست پێكردنی فه‌سڵێكی نوێن له‌ژیانی فرووغ دا. چڕوپڕی ڕواڵه‌ت و ناوه‌رۆك له‌م شێعرانه‌دا به مانای باڵا ده‌ستی ئه‌ون به‌سه‌ر بێ بڕوایی لە خۆیدا و ئه‌و دوو دڵیانه‌ی كه له ئولگووه كۆنه زاڵه‌كانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن. فرووغ ژنێكی به شوێن داگه‌ڕ و نوێ خواز و تاقی كه‌ره‌وه‌یه كه له پێشخانی سی ساڵه‌یی ته‌مه‌نی دا و له كاتی نووسینی شێعری» له دایك بوونێكی تر»دا پێی وایه كه» ده‌بێ به زانیاری و شعووره‌وه ژیان به‌سه‌ر به‌رێت» ده‌ڵێت كه شێعر له سه‌فه‌ری ژیاندا ڕه‌وتێكه كه ناتوانێ له چوارچێوه‌یه‌كی جوان‌دا ڕابوه‌ستێ و بمێنێته‌وه. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ:
» من هه‌میشه بڕوای پتەوم به دواین شێعرمه و له‌وانی
پێشتر زیاترم باوه‌ڕ پێیه‌تی. ده‌ورانی ئه‌م باوه‌ڕ
پێ بوونه‌ش زۆر كورته، و زوو لێی وه‌ڕه‌ز ده‌بم و هه‌موو
شتێك ساده و ساویلكانه دێته به‌ر چاوم.»
ده‌وری زمان و كێش له پێكهاته‌ی شێعری فرووغ دا
شێعری نوێ هاوكات له‌گه‌ڵ له دایك بوونی تاكه‌كه‌س و دورست بوونی كه‌سایه‌تی ئینسانی مودێرن، له‌گه‌ڵ نیمادا له ئێران ده‌ست پێده‌كات. به گۆڕانی مانا و فه‌لسه‌فه‌ی شێعر، زمانی شێعریش ده‌بوو خۆی له‌گه‌ڵ ئاڵ و گۆڕه تازه‌كان و پێداویستیه‌كانی جوانی ناسی ده‌وره‌ی مۆدێرنیته‌دا ڕێك بخات. نه‌ریتی شێعری كه له دوای قاڵب و كێشی عه‌رووزی دا و هه‌روه‌ها تایبه‌تمه‌ندییه ده‌ستووریه‌كاندا گیری خواردبوو گۆڕانی به‌سه‌ر دا بێت بۆ ئه‌وه‌ی بناغه‌یه‌كی نوێ، گونجاو له‌گه‌ڵ هه‌ل و مه‌رجی تازه له بواری كۆمه‌ڵایه‌تیدا، به تایبه‌ت له به‌رانبه‌ر پێكهێنانی كه‌سایه‌تی تاكی ئێستادا دابرێژرێ.
فرووغ به نۆبه‌ی خۆی، پانتایی واژه‌ی شێعری به‌رینتر كرده‌وه و هه‌ستێكی نوێی به به‌ر شێعردا كرد. له شێعره‌كانی فرووغ دا واژه‌گه‌لی نامۆ و دووره په‌رێز له مه‌یدانی شێعردا وه‌ك: ته‌قینه‌وه، قرتاڵه، گسك، لیوان، موسه‌لسه‌ل، لكاته، ئودكلون، گڵۆپ و … وه‌ها له هۆنینه‌وه‌ی شێعردا جوان ته‌نراون كه له كاتی خویندنه‌وه‌دا هیچ جۆره له‌رزه و لێك ترازانیك هه‌ست پێناكه‌ی.
فرووغ له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه بوو كه مرۆڤی كۆمه‌ڵگای مۆدێرن، گیروگرفت و كێشه‌گه‌لی تازه و تایبه‌ت به‌مڕۆی هه‌یه و یه‌خه‌ی پێ گرتوه كه دیاره به كه‌ره‌سه‌ی كێش و ڕیتم گه‌لی تیكراری، نه‌گۆر و شێیعری كۆن ناتوانێ به‌ره‌نگاریان ببێته‌وه. كه وابو ده‌ست كه‌وت و تاقی كراوه‌كانی شێعری نوێ پێویسته له‌گه‌ڵ ئاواز و نه‌غمه‌ی تایبه‌ت به خوێدا لێكبدرێت و برۆنه پێش. له ئه‌ساسدا گشت ده‌ربرینێكی شێعری پێویسته ئاواز و سازه‌ی تایبه‌ت به خۆی هه‌بێت. و ئه‌وەی ناوه‌رۆكی شێعری چه‌نده ده‌توانێ به‌رین و بێ‌سنوور بێت، ئاواز و ڕیتمیش ده‌كرێت گشت سنوورێك ببه‌زێنێ. فرووغ خۆی ده‌ڵێت:
«: ده‌بێ كێشی زه‌مان بدۆزرێته‌وه. ماناگه‌لی ئه‌مڕۆیی له‌و كێشه كۆنانه‌دا ده‌كوژرێن. ئه‌م كێشانه ڕەنگە له‌گه‌ڵ ئاهه‌نگی ژیانی ئه‌و ڕۆژانه‌دا ده‌هاتنه‌وه، شاعیری ئه‌م ده‌وره‌یه ده‌بی ئه‌م هه‌سته‌ی تێیدا بێت كه بتوانێ ڕیتمی سه‌رده‌مه‌كه‌ی بناسێ. من ده‌مه‌وێ قسه له كێشه‌كانی ڕۆژانه‌ی خۆمان بكه‌م، وه‌كو مرۆڤێكی ئه‌مڕۆیی به گشت تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی زمانییه‌وه، له‌گه‌ڵ هه‌موو شتێك‌دا و به واژه‌كانی ژیانی ئه‌مرۆ بدوێم.»
زمان وه‌ك وه‌سیله‌یه‌كی بیر و هزر و یان وه‌كو وینگشتاین ده‌ڵێ وه‌ك هۆی به‌دیهێنانی ته‌فه‌كور ناتوانێ نه‌گۆڕ و وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه، ڕوانگه‌گه‌لی نوێ، زمان و ده‌ستگای وت و وێژ و دۆزینه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆی ده‌وێت، شاعیرێكی كه ڕوانگه و باوه‌ڕی له چوارچێوه‌ی بۆچوونه كۆن و قه‌دیمیه‌كاندا گیری خواردبێ، له بواری زاراوه و پێکهاتە و حوكمه شێعرییه‌كانیشدا به شێوه‌ی كه‌سێكی سوننه‌تی و بنەما خواز ده‌مێنێته‌وه.
فرووغ له‌و شاعیرانه‌یه كه گۆڕانه فیكرییه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ» له‌دایك بوونێكی تر»دا توانایی په‌ره‌پێدانی زمانی شێعری، به‌رین كردنه‌وه‌ی دید و بۆچوونه‌كانی له بواری تان و پۆدا و ئاهه‌نگ و هه‌روه‌ها توانایی به‌دی هێنانی مانا و چه‌مك و داهێنانی نوێ له وێنه سازیدای پێ ببه‌خشێ. ئه‌و نوێ ئه‌ندیش و هه‌ڵوه‌دای تاقی كردنه‌وه بوو و هه‌ر له‌م ڕوه‌وه كاره‌كانی ده‌چوونه خانه‌ی نوێ گه‌ری داهێنانی تازه‌وه. هه‌ڵخرێنه‌ره ده‌روونیه‌كان و سه‌ر هه‌ڵدانی ئه‌ندیشه‌ی نوێی فرووغ له شێعردا له‌سه‌ر سه‌بك و ده‌ربڕینی رۆشن و ڕاسته و خۆ، به بێ هیچ ڕووكه‌ش و په‌رده پۆشیه‌ك بینا كراوه. فرووغ فنوونی به‌لاغه‌ت و ڕه‌وانی شێعری كۆن وه‌لا ده‌نێ تا زمانێكی خاوه‌نی جووڵاندن، نه‌رمی و پاراو وه‌دی بێنێ، ئه‌و بۆ دۆزینه‌وه‌ی شته ون و نه‌ناسراوه‌كانی و پرۆژه جیهان پشكنه‌كانی زمانێكی ساكار و سه‌میمی درووست ده‌كات. هه‌ر به‌م زمانه‌ش باسی ئازاره‌كانی و مانا فه‌لسه‌فی و ئەو ده‌وڵه‌مه‌ندییه فكرییه‌ی كه له رووداوه‌كانی ژیانی ئه‌م سه‌رده‌مه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتوه، به چه‌شنێ ڕه‌وان و ڕۆشن ئه‌دوێ كه مرۆڤه ئاساییه‌كانیش به ئاسانی ده‌توانن له‌گه‌ڵ شێعره‌كانیدا په‌یوه‌ندی پێك بێنن، كاردانه‌وه‌كانی له ده‌روونی خۆیاندا ڕاسته و خۆ تاقی بكه‌نه‌وه.
وشه لای فرووغ جێگا و شوێنێكی تایبه‌تی بوو. بۆ ئه‌و، كه‌لیمه تایبه‌تمه‌ندی هه‌وای بووه و پێداویستیه‌كی گرینگ بوو. وشه به لای فرووغه‌وه به‌شیله‌ی میهره‌بانی ده‌خه‌ملێن و له قووڵایی باوه‌ڕیه‌وه سه‌رچاوه‌یان ده‌گرت. لای ئه‌و، نیگاداری له وشه له ئاستی فۆرمالیسمی ساختاری یان ئاستی دانش و زانیاری یه‌كان و ده‌ڕبرینی لوتف و به‌خششه‌كاندا نه‌ده‌مایه‌وه. له‌و ڕوه‌وه كه فرووغ به ڕاشكاوی و به بێ په‌روا له ده‌رك و هه‌ستی خۆی ده‌دوێت، هه‌ر به‌م پێیه كه‌لام و قسه‌كانی خاوه‌نی سه‌مییه‌ت و ڕاستگۆییه‌كی سه‌ر سووڕ هێنه‌رن. هیچ كات خۆی و ناسنامه‌كه‌ی سانسۆر ناكات. ئه‌و ناچێته ژێر فه‌رمانی خووخده و بایه‌خگه‌لێكی زاڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگادا و خۆیان به ده‌سته‌وه نادات. تێده‌كۆشا ڕاستیه‌كانی بوونی خۆی ڕاستگۆیانه ده‌ربخات و له بایكوت كردن و تانه و ته‌شه‌ره باوه‌كان نه‌ده‌ترسا. هه‌ر به‌م هۆیه‌وه‌یه كه‌لام و زمانی فرووغ ترسه‌نۆكانه و پسك نییه.
وشه‌كانی شه‌فافیه‌ت و ڕوونیان لێده‌بارێ و زایه‌ڵه‌ی ژیان تێیاندا ده‌نگ ده‌داته‌وه. وشه و ته‌سویره‌كانی تیشك داوێن. ئه‌وان گیان و رۆحیان لەبەردایە و ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن. هه‌ر لێره‌وه‌یه كه به خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند دێر له شێعره‌كانی، بە خێرایی فه‌زایه‌كی بێ سنوور و پڕ ڕه‌مز و ڕازت به ڕوودا ده‌كرێته‌وه.
ناسینی فرووغ له‌سه‌ر بنه‌مای نه‌خشه خه‌یاڵیه‌كان:
شێعری فرووغ شیله‌ی ڕاسته‌قینه‌ی وجوودی ئه‌و بوو. ژیانی له شێعردا و شێعری له ژیاندا تێكه‌ڵاو ده‌دیت. له ساته شێعریه‌كاندا ده‌ژیا. له بیری فه‌ن ئاوه‌ری و رێك و پێك كردنی شێعر و ته‌داره‌ك و دروست كردنی دیواندا نه‌بوو تا له بازاڕی ڕیاكاری سه‌ناعه‌ت و كێ بڕكێ دا جێگا پێیه‌ك بۆخۆی بدۆزێته‌وه. ئه‌گه‌ر ئه‌م تاریفه یان ئه‌م بۆچوونه‌ی لێ قه‌بووڵ بكه‌ین كه ده‌ڵێ:
«: شێعر بریتیه له یه‌ك وشه یان هه‌ستێك، هه‌ڵبه‌ته نه‌ك هه‌ستێكی ڕواڵه‌تی، به‌ڵكو هه‌ستێكی قووڵ و تاقی كراوه.»
كه وابوو شێعر ناتوانێ به ئیراده یان به داخوازی كه‌سێك بهۆندرێته‌وه. شێعر له ده‌روونی هه‌ستی شاعیر و له ساته‌كانی هه‌ڵچوون وگرژی و كرده‌وه‌ی سه‌رچاوه ده‌گرێت و هه‌ڵده‌قوڵێ. شێعر به‌شێك له ئه‌ندیشه و عاتیفه‌ی مرۆڤه كه به شێوه‌ی سه‌رشار و له قاڵبێكی گونجاو‌دا، كه بتوانێ ڕاگه‌یه‌نه‌ر و شاهید و ده‌رخه‌ری ئه‌زمونه‌كان بێت، ده‌رده‌كه‌وێ. هه‌ڵبه‌ته به هه‌ر ڕاده‌یه‌ك ئه‌م ئه‌زمونانه نه‌ك هه‌ستێكی گشتی به‌ڵكوو قووڵ و خزۆك بێت هه‌ر به‌و ڕاده‌یه‌ش پله و بایه‌خی شێعرییه‌كه‌ی دادەبەزێت.
به‌م پێیه په‌یوه‌ندی شێعر له‌گه‌ڵ ژیاندا په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته و خۆ و ده‌روونیه. شاعیر كه‌سێكه كه شێعره‌كه‌ی تیكه‌ڵ ژیانی كردوه و له‌گه‌ڵی ژیاوه و هه‌ر له‌وێوه سه‌رچاوه‌ی گرتوه. شێعر به واتای جوانی ناسی، له په‌نا و په‌سیودا ژیان به‌سه‌ر نابات به‌ڵكوو له هه‌ل و مه‌رج و شوێنی كۆمه‌ڵایه‌تی و به تایبه‌تی ته‌ئسیراتی تاكه كه‌سیه‌وه سه‌ر هه‌ڵده‌دا. به‌م واتایه شێعر نووسینێكی له‌ڕووی ئاره‌زوه‌وه نییه. شێعر دابین كه‌ری پێداویستیه‌كی گرینگی ده‌روونیه كه شاعیر و خوینه‌ر له‌ده‌وری ئه‌زموونێك و تیشكێكی تایبه‌ت نه‌ك گشتی كۆ ده‌كاته‌وه. تاقی كراوه‌یه‌كی دیاری كرا‌و و ته‌نیا به شێوه‌ی تایبه‌ت به تاكه كه‌س و بێ وینه له‌نه‌خش و ئیجازدا ده‌توانێ ڕواڵه‌تی شێعری به خۆیه‌وه بگرێ. ئه‌وه به‌دیهێنانی شاعیره كه هه‌ستێكی دیاری كرا‌و به‌ڵام تێپه‌ڕ، له‌و په‌ڕی خیرایی تێپه‌ڕ بووندا و به چه‌شنێكی نوێ، له شێوه و قه‌واره‌یه‌كی گونجاو و ئاهه‌نگین دا ته‌جه‌سومێكی عه‌ینی پێ ده‌به‌خشێ. بۆ ئه‌وه‌ی زمانی شێعری سه‌میمانه و نه وه‌كوو فازلانه بێت، پێویسته ڕیتم و ئاهه‌نگی شێعره‌كه بۆ خه‌ڵكی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ش هه‌ست پێ بكرێ. به چه‌شنێكی كه به باشی هه‌ست بكرێ و ئه‌زمونیشی بكه‌ن و فه‌زایه‌كی گونجاو له‌گه‌ڵ ناوه‌رۆك و وێنه‌كانیدا دروست بكرێ. به‌م واتایه كه‌ره‌سه‌ی كێش و زمان له‌گه‌ڵ بنه‌ڕه‌تی ناوه‌ڕۆك و وێنه له‌و جێگایه‌دا كه له په‌یوه‌ندی و تێكه‌ڵاویه‌كی ئۆرگانیك دا قه‌رار ده‌گرن، بلووری شێعره ده‌چێته خانه‌ی په‌رداخكراوی و شه‌فافیه‌تێكی به‌رزه‌وه. له‌وێوه كه گیان و جیهانی فرووغ له به‌رانبه‌ركێ له‌گه‌ڵ كێشمه‌كێشه ده‌روونی و ده‌ره‌كیه‌كاندا بوو، شێعره‌كانی هه‌ڵگری هه‌ستێكی قووڵ و غه‌م و ئازارێكی زۆرن. ئه‌م هێزه دژبه‌یه‌كانه هیچ كات نه‌یانهێشت ئاسووده دابنیشێ. فرووغ له‌سه‌ر بنه‌ڕه‌تی به‌ر یه‌ك كه‌وتنی ئه‌م هێزانه، تووشی ترس و دڵه‌ڕاوكێیه. له داهاتوویه‌كی لێڵ و نارۆشن ئه‌ترسێت و وه‌حشه‌تی سبه‌ینێش كه» گومانی ڕمانی لێده‌كرێ» هه‌موو وجوودی داگرتوه. ژیانی به شێوه‌یه‌كی بێ سه‌مه‌ر و داته‌كاو له‌هه‌ر چه‌شنه ئامانج و مه‌به‌ستێك دێته به‌رچاو و له وه‌ها دنیایه‌دا كه بناغه‌كه‌ی له‌سه‌ر بێ سه‌مه‌ری داندرابێ، ناتوانێ پێداویستی ڕۆڵێك بۆخۆی له‌به‌ر چاو بگرێ. غه‌م و نیگه‌رانی سه‌رچاوه گرتوو له بێ ئاكامی و نیگه‌رانی له داهاتوویه‌كی نارۆشن، ده‌بێته هۆی ئه‌وه جارجاره په‌نا به‌رێته‌وه به‌ر ڕۆژه پڕ له بیرەوەریە خۆشه‌كانی منداڵی.
له به‌شی كۆتایی ژیانی فرووغ دا و له» له‌دایك بوونێكی تر»دا له خۆ گرتنه‌وه‌ی توانا ده‌روونی و كێشمه‌كێشه‌كانی دا گۆڕانێكی به خێرایی له حاڵی شكڵ گرتن دایه. فرووغ گیرۆده‌ی شیوه‌یه‌كی بێ هووده له ژیانه و له ئارمانێك بۆ ژیان بردنه سه‌ر نزیك ده‌بێته‌وه.
ئه‌و له ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ كێشمه‌كێشه ده‌روونیه‌كاندا، په‌ی به هونه‌ر و جێگا و شوێنی هونه‌ر له ژیاندا ده‌بات و ئه‌وه ئه‌و شوێنه‌یه كه ده‌یه‌وێ حه‌قیقه‌تی وجوودی خۆی تێدا بدۆزێته‌وه.
فرووغ دوای لە» له‌دایك بوونێكی تر» گه‌ڕا گه‌ڕای ئاڕمان خوازیه‌كێتی كه ئیتر مه‌ینه‌تیه‌كانی هه‌ل و مه‌رجی ئێستا و ئاكامه‌كانی داهاتوو، ڕۆحی ئازار نادات. ئه‌و كه باوه‌ڕی به چه‌شنێكی تری داهاتووی به‌شه‌ر هێناوه، پێیوایه ده‌كرێ بۆ وه‌ده‌ست هێنانی هه‌وڵبدرێ و هێزی بۆ كۆبكرێته‌وه. به چ ڕاده‌یه‌ك فرووغ به‌ره‌و هونه‌ر ڕۆیشت و ژیانی له شێعر و ئاڕمانه‌كه‌یدا دیت، هه‌ر به‌و ڕاده‌یه‌ش له ئازار و مزاحیمه‌تی هێزه به‌رگره‌كان دوور كه‌وته‌وه و بای باڵی خۆشتر ده‌بوو. هه‌ر له‌م به‌شه‌ی كۆتایی دایه كه ماده‌ی بیر و هه‌ده‌فمه‌ندی له ژیان و شێعره‌كانیدا خۆ نیشان ده‌دات و ئه‌و بێ لایه‌نی و بێ ئاكامیانه هێندێك كاڵ ده‌بنه‌وه.
شێعره غه‌ناییه‌كانی فرووغ له ڕاستی دا وشه و ئه‌زموونی تایبه‌تی و ڕه‌نج و ئازاره‌كانی خۆین له توێی خه‌رمانه‌یه‌ك ته‌می عاتفه‌دا. شیعری كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕوو له ئاواتی خۆی به‌شێكی كه‌م له شێعره‌كانی پێكدێنن. شێعری فرووغ به شێوه‌ی گشتی، له كێشمه‌كێشه قووڵه ده‌روونیه‌كانه‌وه سه‌ریان هه‌ڵداوه. له‌م ڕووه‌وه، شێعری فرووغ هه‌ر به‌م چه‌شنه ئاوێته به كێشه و نیگه‌رانی و خه‌ماوی ده‌مێننه‌وه.
ئیرسییه‌ی فرووغ و شێعری ژیانی
فرووغ له ده‌وره‌ی مێژوویی خۆیدا، زۆر به‌رین تر له سنووره‌كانی ژنێكی ئاسایی ئێرانی بیری ده‌كرده‌وه و ئازایانه هاواری ده‌روونی خۆی به ئازادی ده‌رده‌بڕی و بوونی خۆی ڕاده‌گه‌یاند. دنیای ئه‌و واوه‌تر له سنووره‌كانی ڕۆحی و عاتفی ژنێكی ئاسایی ئێرانی یه و به‌م پێیه، غه‌م و ئازاره‌كانی كاریی تر و به ته‌وژمترن. لایه‌نه‌كانی عاتفه و ئه‌ندیشه‌ی شێعری و ژیانی، هیچ نزیكایه‌تی و تێكه‌ڵاویه‌كی له‌گه‌ڵ دڵەڕاوکێ‌كانی ژنێكی كه‌یبانووی سوننه‌تیدا نیه. كه‌سایه‌تی و شێعری ئه‌و نیشانه‌ی رێزی تایبه‌ت بۆ ئازادی و ڕزگاری ژن، سه‌ربه‌خۆیی خوازی و به‌رابه‌ری مافی ژنه. ئه‌و هه‌ر به‌و جۆره‌ی كه له هه‌ڵس و كه‌وتی كۆمه‌ڵایه‌تی و ژیانی فه‌ردیدا په‌رژینه‌كانی سوننه‌ت و دابه كۆنه‌كان ده‌به‌زێنێ، له شاریشدا بۆ ژنان، ئازادی عاتفی و سه‌ربه‌خۆیی كه‌سایه‌تی به دیاری دێنێت. هه‌م له شار و هه‌م له ژیاندا سوننه‌ت شكێن بوو. ئه‌گه‌ر نیما داهێنه‌ری شێعری نوێ وه‌كو ساختارێكی گونجاو و له‌گه‌ڵ ئاڵ و گۆره كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری روو به ئاشكرا بوون بوو، شێعری فرووغ بانگه‌وازی ڕزگاری و سه‌ربه‌خۆیی تاكه كه‌س، به تایبه‌تی ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی عاتفی ژن له سه‌رده‌می نوێ و هه‌ل و مه‌رجی به‌رین بوونه‌وه‌ی به‌رهه‌م هێنانی كه‌ل و په‌لی مۆدێڕن دایه. شێعری فرووغ له‌م ڕوانگه‌وه له‌گه‌ڵ شێعری په‌روین ئیعتسامی، كه مل كه‌چی یاسا و نه‌ریته كۆنه‌كانه، له دژایه‌تی دایه. ئه‌م جیاوازییه چۆنایه‌تی و بنه‌ڕه‌تیه نه ته‌نیا له شێعردا به‌ڵكو له كه‌سایه‌تی و جیهان بینی ئه‌م دوو هونه‌رمه‌نده‌دا به ڕوونی به‌رچاو ده‌كه‌وێ. شێعر و ژیانی په‌روین به میراتگری حه‌یا و شه‌ره‌فه كۆنه‌كان و له په‌یڕه‌وی كردن له ته‌قدیر و قه‌رارداده‌كان دایه. له كاتێكدا فرووغ له ژیان و له شێعردا، هەڵوه‌دا، ئه‌زمونگه‌ر و نوێ خوازه، له ڕێگای وه‌دست هێنانی ئازادی و كه‌سایه‌تی خۆیدا ده‌رد و ئازارێكی زۆری چه‌شتوه به‌ڵام هیچ كاتێك كۆڵی نه‌داوه. بیر و ئه‌ندیشه و ساته عاتفیه‌كانی به بێ هیچ چه‌شنه سه‌ركوت و به‌ربه‌ستێك، ئاشكرا ده‌كات، مه‌ودای به‌ربه‌ره‌كانێی پێ ده‌به‌خشێ.
شێعر و ژیانی فرووغ سه‌رقافڵه‌ی ئازادی عاتفه و خوازیاری سه‌ربه‌خۆیی و كه‌سایه‌تی خۆی وه‌ك ژن و له بنه‌ڕه‌تدا بۆ مرۆڤایه‌تیه. شێعری فرووغ ڕێنوێنێكی باشه بۆ دزه‌كردنه ناخی ده‌رووون و دۆزینه‌وه‌ی حاڵات و تاقی كراوه عاتفیه خزۆك و بێ سره‌وته‌كانی ڕۆحی به‌شه‌ری. شێعری فرووغ یارمه‌تی ده‌ری ئینسانه بۆ ده‌ركی دنیای ڕۆحی خۆی و هێنانه به‌ر زه‌ینی. له كۆتایی دا، شێعری فرووغ غه‌م و ماته‌م وهه‌روه‌ها شكایه‌ت و شادی مرۆڤی ده‌سته و ئه‌ژنۆی ئه‌م سه‌رده‌مه نوێ یه‌ی تێدا ڕه‌نگده‌داته‌وه.