لەم کۆتایی پایزەدا، سروشتی دەڤەرەکەی ئێمەش، داماوە بەدەست حاڵەتە دەروونیەکانیەوە.
تاوێک هەوری توڕەیی و غەم دەروونی تژی دەکات، بەکوڵ دادەکاتە باران، داخی دڵی دەڕێژێ و کوڵوکۆی خۆی دادەمرکێنێ. تاویکی تر، جا بەهەر هۆکارێک بێت، کەمێک هێور دەبێتەوە، دڵی دەکرێتەوە و هەتاوێکی روون و گەرم و بلاوێن پەخش دەکاتە فەزاوە و ناخی زەوی گەرم دادەگیرسێنێ. کەشێک دەخ
وڵقێنێ گشت سەوزە و چیمەن و دار و گوڵە ژاکاوەکان، بە دەست ستەمی زستان و جەوری هاوینەوە، وادار دەکات چەکەرە بکەن و شین ببنەوە، چرۆ دەربکەن و گوڵبدەن.
زۆر ناخایەنێت هەڵدەکاتە گژەبا و کڕێوە، و هەموو چەکەرە و چرۆ و خونچە پشکوتوەکان سەرما بردوو دەکات و بە ساوایی دایاندەمرکێنێتەوە.
ئای کە چەندە کورت خایەنە مێهر و تین و گەرمای پایزی و هیوایەک لەو دەرفەتەدا دەپشکوێن!!
سەعید ئەمانی