Feeds:
نوشته
دیدگاه

Archive for فوریه 2015

لە فارسیەوە: سەعید ئەمانی

adonis_693242903لەسەرودەمی نزیک بوونەوە لە شەڕێکی سەد ساڵەداین

 دی سایت: لەبیرتان دێت؟ کاتێک کە- هێشتا بەتەواوی لەدەست نەچوبوو- ژنانی عەرەب ئازادانە لە کۆڕو کۆبوونەوە گشتیەکاندا ئامادە بوون. دەرسیان دەخوێند، جل و بەرگی جوانیان لەبەر دەکرد. ئێستا ون و شاراوەن. مۆدێرنیتەی عەرەبی چی بەسەرهات؟

ئەدونێس: عەرەب قەت خاوەنی مۆدێرنیتە نەبووە. کۆمەڵگایەک کە بناغەکەی دنیای دینی ئینسان و جیهان بینی مەزهەبی بێت ناتوانێ مۆدێڕن بێت. مۆدێرنیتەی عەرەب تەنیا تارماییەک بوو. ماشێن و یەخچاڵ، فرۆکە، جل و بەرگی جوان و هیتر دیکۆر بوو.

  دی سایت: ئەو گەڕیدانەی کە لە دەیەکانی هەشتا و نەوەدی سەدەی ڕابردودا بەرەو رۆژهەڵات سەفەریان کرد، وەک نووسەری ئاڵمانی- ئێرانی نەوید کرمانی، ڕاپۆرتیان سەبارەت بە کۆمەڵگای کراوەی چەند فەرهەنگی عەرەب نووسی کە ئێستا ئیتر بوونی نییە.

ئەدونێس: ئەو ئازادیە تەنیا ڕواڵەت بوو. مانایەکی نەبوو.

  دی سایت: یانی ژنانی عەرەب لە مانتۆی شانل یشدا تەنیا ئینسانی پلە دوو بوون؟

ئەدونێش: لە لوبنان، سوریە، میسرو عێڕاقدا قەت نیشانەیەک لە باشتر بوونی پێگەی ژنان بوونی نەبووە. دەبوو پێکهاتەی بنەماڵە بگۆڕدرایە، خودی ژنان دەبوو دیاریکەری داهاتویان بونایە، دەبوو خۆیان سەبارەت بە ژیان و ئەوین و خۆشەویستی بڕیاریان بدایە و شکڵ و شێوەیان پێ ببەخشێبایە. نیشانەیەک لە هیچکام لەمانە نەبیندرا. ئەوەی کە ناوی مۆدێرنیتەی عەرەبی لێنراوە تەنیا لاسایی کردنەوەیەکی ڕواڵەتی بوو لە شێوە ژایانی رۆژئاوایی. ئەو ڕژیمانەی کە ئیمکانی ئەم مۆدێرنیتەیان فەراهەم دەکرد تەنیا دەست کراوە بوون لەبەرانبەر کۆمەڵگا سەرمایەداریەکاندا. فەرهەنگی عەرەبی لە بنەمادا پازدە سەدەیە کە گۆڕانی بەسەردا نەهاتوە. ئازادی تاک ڕەد دەکاتەوە، مافەکانیانی قەبوڵ نییە، ژنی قەبوڵ نییە. ڕژیمە بەڕواڵەت میانەڕەوە عەرەبیەکان لە بنەڕەتدا شێوەی دەسەڵاتداریی خەلیفەکان پەیڕەو دەکەن، تەنانەت ئەگەر ڕواڵەتی فرۆشگایەکی گەورەی مۆدێرنیشیان دابێ بە وڵاتەکەیان. خراپ ترین جۆری دەسەڵات خوازی، داپۆشراو بەو پەردەیەی ناوی ئەنێن ئازادی.

  دی سایت: واتا شارستانیەتی عەرەبی لە ماوەی ئەم پازدە سەدەیەدا هیچ بەرەوپێشەوە چوونێکی نەبووە؟

ئەدونێس: ئینسانی عەرەب هێشتا لەدایک نەبووە، هێشتا بوونی نییە. وڵاتە عەرەبیەکان ئێستاش چەند کۆمەڵگایەکی خێڵەکین. ئەگەر موسڵمانەکان خوازیاری شۆڕشێکی ڕاستەقینەن، دەبێ دوو کار ئەنجام بدەن: یەکەم جیایی دین لە دەوڵەت و دواتر ئازادی ژنان. تا ئەو کارە نەکەن، هیچ شتێك گۆڕانی بەسەردا نایەت. هێنذێک جار ڕژیمێک دێتە سەر کار کە بڕێک کراوەترە، وەزیرەکانی کەمێک لەوانیتر باشترن، بەڵام هەموو ئەمانە واتایەکی ئەوتۆیان نییە. بەبێ یەکسان بوونی مافەکانی ژنانی عەرەب هیچ بەرەوپێشەوە چوونێک لە دنیای عەرەبدا روو نادات.

  دی سایت: لە ئاڵمان بەهەزاران کەس لەدژی » بە ئیسلامی بوونی سەرزەوینی شەو » قاڕەی ئوروپا» خۆپیشاندان دەکەن. پێویستە لە ئیسلام بترسین؟ لە بنەڕەتدا دین هۆکاری بەیەکەوە هەڵنەکردنە؟

ئەدونێس: بەڵێ، بەڵام ئەمە سەبارەت بە هەموو دینێکی یەکتاپەرست لەوانە یەهودیش ڕاستە. لە یەکتاپەرستیدا هەمیشە ئاخرین پەیامبەر حەقیقەتی تەواوی لە چەنتەدایە. واتاکەی ئەوەیە کە خودا قسەیەکی بۆ وتن نییە. و تەنیا پەیامبەرە کە گرنگە. لە هەموو دینێکی یەکتاپەرستدا پەیامبەر تەنیا کەسێکە کە خاوەنی ئیعتیبارە. تەفەکوری دینی هەمیشە ئەوانیتر دوور دەخاتەوە. پایەکانی ڕوانگەی فەلسەفی یۆنانی- عەرەبی، جیاوازی لەگەڵ ئەوانیتر قەبوڵ ناکات.

  دی سایت: بەڵام بەڕبەڕیەتی حکومەتی ئیسلامی ( داعش) بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر هەوسار پچڕاوە.

ئەدونێس: ئەگەر شتیک بڵێم، دەزانم ناینووسیت.

  دی سایت: بۆچی نا؟

ئەدونێس: لەبەر ئەوەی سەرنجڕاکێش نییە بۆتان.

  دی سایت: تکایە بیڵێ.

ئەدونێس: ئەمانە ئوروپایەکان پشتیوانیان دەکەن. ئوروپا پشتیوانی لە دەوڵەتەکانی قەتەر و عەرەبستانی سعودی دەکەن کە تەنانەت قانونی ئەساسیشیان نییە. نە تەنیا پشتیوانییان لێدەکەن بەڵکو قاچێشیان ماچ دەکەن.

  دی سایت: بەڵام رۆژئاوا لە کاتێکەوە کە داعش دەستی بە چالاکی کردوە، توشی شۆک بووە.

ئەدونێس: هەڵبەتە، زۆر باش رۆڵیان گێڕا. داعش چەکی قورسی لەکوێوە هێناوە؟ کێ بن لادێن و ئەلقاعیدەی دروست کرد تا کومونیستەکانی ئەفغانستان شکست بدەن؟

  دی سایت: دەبێ ئەوە لەتۆ بپرسم.

ئەدونێس: دەمێکەیە ئامریکا پشتیوانی لە شەڕە مەزهەبیەکان دەکات لە وڵاتانی عەرەبیدا. ئامریکاییەکان بە شەڕ لە عێڕاقدا توانیان پەرە بە ناکۆکی نێوان شیعە و سوننە بدەن کە ئاکامەکەی کوشتو کوشتارێکی وەحشەتناکە. ویلایەتە یەکگرتوەکان بەشداری شەڕە مەزهەبی و قەبیلەییەکانە. چل وڵات لە شەڕ لەدژی داعشدا هاوپەیمانن. داعشێکی کە تورکیە چەکداریی کردوە. چل وڵاتی هاوپەیمان ناتوانن حکومەتەکەی شکست پێبێنن. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی بۆیان گرنگ نییە. ئەمە هەمووی شانۆگەریە.

  دی سایت: بەڵام بۆمبارانەکانی ئامریکا…

ئەدونێس: بۆ نمایشە. لە قوڵایی تێکهەڵچونی نێوان ئەوانەدا کە دەیانەوێ ئاین وەک ئەمرێکی تاکە کەسی چاولێبکەن لەگەڵ ئەوانەدا کە حکومەتی مەزهەبیان دەوێ، رۆژئاوا لایەنی مەزهەبیەکان دەگرێت. ئێمە بارودۆخی دنیای عەرەب بەبێ لەبەرچاو گرتنی فەلەستین ناتوانین هەست پێبکەین. ئیسرایلیش خاوەنی حکومەتێکی مەزهەبیە. و بوونی حکومەتی مەزهەبی بە قازانجی رۆژئاوایە. رۆژئاوا ئازادی ئەم دنیایەی ناوێ.

  دی سایت: رۆژئاوا چ چێژێکی سادیستی لە شەڕی مەزهەبی عەرەبەکان وەردەگرێت؟

ئەدونێس: عەرەبستانی سعودی، ئۆردون و قەتەر هاوپەیمانی رۆژئاوان. رۆژئاوا بە تەواوی لە دنیای عەرەبدا بوونی هەیە. چاولێکەر نییە، ئاگاهانە دخاڵەتی هەیە. و هیچ قازانجێک لە ئیسلاحی حکومەتی لەم وڵاتانەدا نابینێ و ناکات.

  دی سایت: کەسێک نابینم لە تیرۆرەکانی داعش توشی شۆک نەبوبێت

ئەدونێس: لە دەیەی شەستدا کە رۆژنامە نووسان و هەڵسوڕاوانی کۆمەڵایەتی لە وڵاتانی کومونیستیدا لەژێر گوشاردا بوون، گەلێک بەیانیە و ڕاگەیاندن لەدژی دیکتاتۆڕەکان دەنووسرا. ئێستا رۆژانە بە هەزاران کەس بەناوی ئیسلامەوە دەکوژرێن. و ڕوانگەی گشتی رۆژئاوا خۆی داوەتەژێر پەردەی بێدەنگی.

  دی سایت: دەبێ روو بە کێ ڕاگەیاندن بدەین؟

ئەدونێس: روو بە ئینسانیەت، وەک شایەد نامە.

  دی سایت: کەی ئەم کابوسە کۆتایی دێت.

ئەدونێس: قەت کۆتایی نایەت. سەرلەنوێ شەڕێکی سەد ساڵە روو ئەدات. شەڕ لەنێوان خودی موسڵمانادا بە ئامانجی لەنێوبردنی بەتەواوەتی تواناییەکانی ئیسلام. شەڕی گەورەی سەدەی بیست و یەک لەنێوان عەرەبەکاندا دەبێت تا ئەو کاتەی دنیای عەرەبی بەتەواوی لێکبەر و نابوود دەبێت.

  دی سایت: ئەو فەرهەنگە گەورە و بەرینەی سەدەکانی نێوەڕاست دەگەرێتەوە؟

ئەدونێس: بەڵام ئەوکات فەیلەسوفەکان گرایشیان بەرەو ئەوە هەبوو کە سەدەکانی نێوەڕاست تێپەڕێنن. و تێشیانپەڕاند. ئێستا بەگشتی هەوڵ ئەدەن کە بگەڕێنەوە بۆ سەدەکانی نێوەڕاست. پێشوازیش لەم گەڕانەوەیە دەکرێت، بە هاندانی رۆژئاوا.

  دی سایت: ئەم گەڕانەوە بۆ شارستانیەتی ڕابردوو ویستی موسڵمانەکانە؟

ئەدونێس: وڵامدانەوەی ڕوانگەی ئیسلامی لەو کاتەوە کە هەیە، بۆ ئیسلام ڕیشە گرنگ بووە. بە تێپەڕ بوونی کات هەتا دێت زیاتر لە ڕێشە جیا دەبنەوە. بۆ بەرەوپێشەوە چوون دەبێ ڕێشەیان لەبەرچاو بێت، واتا بگەڕێنەوە تا بتوانن بەرەوپێش بچن. واتای بەرەوپێشەوە چوون بۆ موسڵمانان گەڕانەوەیە بۆ ڕێشە.

دی سایت: کەوایە بەرنامەکانی داعش بەتوندی ڕێشەی لە ئیدەی بەختەوەری و سەعادەتی ئیسلامیدایە.

ئەدونێس: بە تەواوی، هەرچەند موسڵمانان ڕەتی دەکەنەوە. ئیسلام هەمیشە گەڕانەوە بۆ ڕابردوی لە نەزەردا بووە، و هەمیشەش شەڕ بووە لەسەر ئیسلامی ڕاستەقینە.

  دی سایت: ئەم ئیسلام گەراییە دەکرێ وەک بەشێک لە ئیسلام بزاندرێت؟

ئەدونێس: لە ناخی جۆری خوێندنەوەی قورئانەوە دێتەدەر. بنەماخوازەکان وای دەخوێننەوە کە دەبێ حکومەتی ئیسلامی دابمەزرێت. ئەوانیدیکە جۆرێکی تری لێ حاڵێن. ئیسلامی ڕاستەقینە بوونی نییە، بەتەواوی ئیدوئۆلۆژیە. بەناوی ئیسلام حکومەتی ئیسلامی دادەمەزرێنن، و لەگەڵیشیدا لەشەڕدان. شەڕی شیعە و سوننەش لە جیاوازی بەرداشت و حاڵی بوندایە. کێ گرێکە دەکاتەوە؟ نە نووسەران و نە فەیلەسوفەکان؛ بەڵکو دەسەڵاتداران.

  دی سایت: لە ئێستادا بیرمەندانی رۆشنگەریی عەرەبی کێن؟

ئەدونێس: دوای بەرەی سارتر لە فەڕانسە کێ هاتوەتە روو؟ کێ، لەگەڵ هەموو دژایەتیەکاندا، دوای هایدگر هاتوە؟ فەرهەنگی رۆژئاوا، هەروەها فەرهەنگی ئاڵمانیش، لە قەیرانێکی تونددایە. دوای بیرمەندانێکی وەک ئەبوعەلا موعیری ( فەیلەسوفی نابینای عەرەب( ٩٧٣-١٠٥٨) کە دژایەتی دەمارگرژی ئاینە یەکتاپەرستیەکانی دەکرد) ئیتر کەسێکی تر بوونی نییە. بەرەو پێشەوە چوونی فەرهەنگی لەسەر هێڵێکی ڕاست نییە. هیچ فەلسەفەیەک قوڵتر و بەرین تر لە فەلسەفەی یۆنان نییە.

  دی سایت: هەموو فەرهەنگێکی سەرکەوتو لە ئێستادا پەیڕەوی لە نمونەی ژیانی ئینگلیسی- ئامریکایی دەکات. وڵاتانی عەرەبی نابێ بڕوایان بەم ڕێگایە هەبێت؟

ئەدونێس: رۆژئاوا بەهیچ شێوەیەک نمونە نییە. تەنانەت دیموکراسیەکەشی. یاری دیموکراتیک لە باشترین شێوەیدا یاریەکی سیاسیە و نەخۆشیشە. عەرەبەکان دەبێ لەخۆیان بپرسین کێن. سەردەمانێک شارستانیەت لە جیهانی عەرەبیەوە دەستی پێکردوە، میسری باستان، سۆمریەکان، بابلیەکان و  فنیقیەکان. ئەوان دۆزەرەوەی دنیا بوون.

  دی سایت: لەوەی کە نیوەی ژیانتان لە رۆژئاوا بەسەر بردەوە، پەشیمانن؟

ئەدونێس: نا، ناڕوانمە ڕابردوم. من سێ جار لەدایک بووم. جاری یەکەم لە گوندێکی هەژاری سوریە کە تا تەمەنی دوازدە ساڵی نەمتوانی بچمە قوتابخانە. لەدایک بوونی جاری دووهەمم لە بەیڕوت بوو. جاری سێهەمیش لە پاریس. پاریس درگاکانی هەموو دنیای بەروودا کردمەوە.

  دی سایت: ئێوە ئێستا تەمەنتان ٨٤ ساڵە و خوڵیای رۆنیسانسی فەرهەنگی عەرەبیتان لەسەردایە تا چاوی بەڕووی دنیادا بکاتەوە. 

ئەدونێس: واتاکەی بۆمن گومانێکی مەزنە. نەوەی سەدەمی من خەون و خولیای ئاڵوگۆڕی لەسەردا بوو جیایی دین لە دەوڵەت. سەرزەمینی باب و باپیرانی من سوریە بە تەواوی وێران بووە، بەخاتری هیچ. بەرنامە و پلان چی بوو؟ روخاندنی دیکتاتۆڕیی سوریە؟ هەڵبەت، قەبوڵمە. بەڵام ئینسان دیکتاتۆڕێک لاببات و بە هەزاران دیکتاتۆڕی لەجێ دابنێت دەبێتە چی. ئەوەی کە منی بەسەر پێوە ڕاگرتوە ئەوەیە کە شانۆکە دەبینم. کڕینی سەربازی بەکرێگیراو لە هەشتا وڵاتی دنیا بۆ شەڕ کردن لە عێڕاق و سوریە چ واتایەکی هەیە؟ لەسەر سەحنەی شانۆ ئینسان دەکوژن. و سەرجەم عەرەبەکانیان هێناوەتە یاریەکەوە.

  دی سایت: دە ساڵ لەوەپێش کە لەتۆم پرسی: ئایا رۆژئاوا دەبێ چی لە رۆژهەڵات فێربێت، وتت: قەبوڵ کردنی مەرگ.

ئەدونێس: موشکلەیە. بەڵام گرفتی سەرەکی مەرگ نییە. مەرگ ئاساییە. گرفتی هەرە گرنگ ژیانە. ئینسان دەبێ چۆن بژیت؟ گرنگ دۆزینەوەی وڵامی ئەم پرسیارە بنەڕەتیەیە.

لە فارسیەوە: سەعید ئەمانی

————————————————-

سەرچاوە: ئینتێرنێت- سایتی ئەخباری روز

Read Full Post »

شێعرێک لە ستایەشی خۆراگری شاری قارەمانی کۆبانی بە دەنگی هاورێ پەروین عەلیمورادی

Read Full Post »