Feeds:
نوشته
دیدگاه

Archive for نوامبر 2015

12249835_1160745743954163_8600356252864082083_nن: عەلی ئەشڕەف دەروێشیان

و: سەعید ئەمانی

چنارەكان سی جار گەڵاكانیان زەرد هەلگەڕا و ئەندامی ڕووتیان سی جار لەبەر تەزووی بەفر و سەرما دا لەرزی.
پیاوی سی و شەش ساڵ تەمەن لە تەنیشت پەنجەرەكە راوەستاوەو چاوی بڕیوەتە شوشەی نێو درگا نیوە كراوە كە، كە باوكی لەوێیە. هاوتەمەنی خۆی بوو. موو، برۆ، لێوە هەمیشە لیك نراوەكانی، لووتی كورت و سمێڵە پر و پانەكەی كە تازەماش و برنجی ببو. دروست وەكو خودی ئەو.
لەپەنجەرەوە سەر دەكیشیتە دەرێ‌. شەش نهۆم لەشەقام دوور. دوور لە شۆستە. دوور لە چەمەنەكانی ژیر چنارەكان. چنارەكان قەدیان كیشاوە و چوار نهۆم هاتونەتە سەر. سەرچڵەكانیان ئەبینی كە بە شنەی با، رادەژێن. سەرچڵە باریك و شلكەكانیان قورسایی قەلەڕەشەكان ڕاناگرێ‌ و بەشینەیی دەچەمینەوە. لەو رۆژانەدا، چنارەكان شلك و كورتە بالا بوون. بە كامیونێنكی شارەداری هێنایانن و لە قوڵكە چێكراوەكانی لێواری جەدوەلەكاندا چەقاندیانن. كاتێ بەلایاندا دەرۆیشت، بەدەستە بچووكەكانی بە ئارامی ڕایدەژاندن. بابە ئەیوت: وریابە كوڕم. ڕیشەكەی دەجوولێ و وشك ئەبێ هێشتا ڕیشەی قایم نەكردوە. ئەمرۆ، هەر ئەمرۆ دایكەیان بەخاك سپارد دوور لە زێدەكەی كە بەردەوام لە ئارەزووی گەڕانەوە بۆ ئەوێدا بوو، ئەو شوێنەی هەمیشە خەوی بە جەنگەڵی دار بەڕوو و گوێزەكانیەوە دەدی و بە دایم ئاهەنگە تاڵ و شیرینەكانی لە ژێر لێوەوە ئەوەتەوە:
«وەرەتا دۆستایەتیەكەمان سەرلە نوێ دارێژینەوە من ئەبمە داری نارنج تۆش ببە بەداری لیمۆ»
دایە سی ساڵی تر لەدوای بابە مایەوە و سی جاری تر زەرد بوونی گەڵای چنارەكانی بینی چەندكەسێك لە دۆستە قەدیمیەكانی بابە هاتبوون بۆ سەرەخۆشی و دڵنەوایی. نووسەرێكی پیریان لە گەڵدا بوو ماچی كردو وتی: «دروست شێوەی باوكتی.. بەڵام..»
بەڵام چی مامە گیان؟
وەك تۆ گۆشە گیرو ماتەم بارنەبوو. سەرتاپا شۆر هومێد بوو.
بگرە ئەو كاتەی كە لە ژێر چنارە ساوا كاندا كەوتبوو؟
نووسەری پیر وتی:
«بەیە كەوە لە بەندیخانە ڕزگار ببوین. لەگەڵ چەند كەس لە دۆستانی هاتن بۆ دیدەنیم دیارییەكیان بۆ هێنابووم پەنجا دانە خودكار و سەد دانە دەفتەرچەی سەدبەرگی.
پێشتر ئەمەم بیستبوو»
كاتێ دیاریەكەی دامێ وتی: بنووسە وتم بە چاوان كاكە گیان ئەگەر لەبەر خاتری تۆش بووە، دەنووسم.
بە كەنار پەنجێرەكەوە وێستاوە و چاوی بڕیوەتە وێنەكەی خۆی سەر دەكێشێتە دەرەوە. دەنگی دایە دەبیستێ:
«سیروان سەرت بەرە ژوورێ كوڕم لە تۆی دەدەن»
دەكشێتە دواوە دایە ڕەنگ پەڕیو و هەراسان چاو لە بابە دەبڕێ بابە گوێی داوەتە دەنگی ئەو پۆتینانەی بە پلیكانی بیناكەدا دەكوترێن ئاسانسووڕ بە هۆی نەبونی كەرەسەی یەدەكی و پێویست، كارناكات و ئەوان خەریكن بە پلیكانەكاندا دێنەسەرێ. بابە ئەیەوێ لە سووچی پەنجێرەكەوە چاوێك لە دەرێ بكات گوللەیەك ڕاست بەلای پەنجێرەكەدا دەڕوات و واوەتر، لە دیواری ماڵەكە دەدرێ. ژنە هاوار دەكات:
«رۆڵە سیروان! وەرە ئێرە دانیشە عەرزی»
بابە ئەڵی «تەنیا ئەو ماڵەكەی ئەزانی»
دایە دەپرسێ: دوێنێ بۆ كوێ چووی؟
چووم تەلەفون بكەم
كەسێك شوێنت نە كەوت؟
نا
دڵنیای؟
ئەرێ
بۆ جێیەكی تر نەچوی؟
نا تەنیا لەگەڵ ئەمین دا قەرارم بوو. لەچەند شەقام خوارترەوە تەلەفونم كرد
چی جواب دایەوە؟
گوشیەكەی هەڵگرت بەڵام كەس وڵامی نەداوە
كەوایە خۆی لەماڵ نەبوە
نازانم وشەیەكی كە ئەبووبێلی نەیوت منیش خێرا تەلەفونەكەم دانا.
دوایە چیتكرد؟
گەڕامەوە بۆ ماڵێ بۆ شوێنەونكێ لە چەند كۆڵان خوارترەوە هاتمەوە، گشت جیێەك خاوێن و هەل و مەرجەكە ئاسایی بوو.
ژنە كە چووە پشت درگاكەو توند دەستی نایەسەر دەستگیرە ئاسینەكە پیاوە كە وتی: دەستی لێمەدە
ژنەكە وتی: خەریكن دێنە سەرێ زۆرن
پیاوە كە وتی: ماڵە كە ئاشكرا بووە
یانی بەم زووییە؟
كابل و پێست و ئێسك
كاك ئەمینی بینی كە دەوروبەری پڕ بوولە خوێن و ددان و نینۆخ و چوار چنگۆڵە، بە بەردەمیدا دەرۆیشت.
بەدەنگی ژنەكە، كاك ئەمین دوور كەوەتەوە
بەڵام ئەم هەمیشە چەكی لەگەڵ خۆی هەڵدە گرت.
چاوی پیاوەكە هەڵدەهات تا كاك ئەمین لە تەمێكی سوور باو دا بدۆزێتەوە:» هێندێك جار گوللە گیر دەكات و تازە…»
وە تازە چی؟
ژیان شیرینە چاولە چنارەكان بكە و بزانە چۆن بە تاسەوە بەرەو خۆرەتاو هەڵدەكشێن قەلەباسكە چاولێبكە بزانە چۆن بە ئەوینەوە بە سەر دارە كانەوە هێلانە چێدەكەن
یانی كاك ئەمین!
بگرە خودی منیش.
لە سەرەخۆ و بە زەویدا چوار چنگۆڵە بۆلای پەنجێرەكە چووە بە پارێزوە سەرێكی كێشادەرێ و لە خۆارێی ڕوانی سێ دانە جیپی بۆر كە بانەكەیان شەترەنجییەكی ڕەش و سپی بوون، لەوێ وێستابوون.
پیاوەكە خۆی بە زەویەوە مڵاس داو وتی:
«ڕەگ و پێست و كابڵ ئێسقان و ئاسن»
كوڕەكە لە چاوە كاڵەكانی بابیدا برووسكەیەكی تیژ پەری بەدی كرد. ڕەگی تەوێڵی هەستابوو. ژنە پارچە ئاوەكەی لە یەخچاڵ دەرهێناو كردیە پەرداخەكەوە دەستی دەلەرزی ئاو كەلاوی كرد و دەستی تەڕ كرد پەرداخەكەی دابەسیروان:
«بیخۆ، رەنگت وەك گەچی لێهاتوە»
هێشتا فێنكی ئاوێتە بە ترسی ئاوەكە لە ئەوك دا هەست پێدەكات سی جار دارەكان ڕووت و قووت ببونەوە و ئەندامی رووت و پەتییان لەنێو بەفرو سەرمادا لەرزیبوو. سی جار قەلە باسكەكان لە هێلانە كانیاندا كڕكەوتبوون و هێلكەیان تروكابوو. هێشتا نەیدەزانی وێنەی خۆی بوو كەوتبوە سەر شوشەی پەنجێرەكە یان هی بابی بوو، لەو سەرەوە دەیڕوانیە ئەو تارماییەی كە لێی دوور دەكەوتەوە و لە پانتایی شۆستە كەدا، لە تەنیشت ئەوسێ جیپە بۆرەدا بەزەویدا دەكەوت.
ئاخ بابە!
ئەمە هاواری كێ بوو؟ چاوی بڕییە شوشەی پەنجێرەكە خۆی بوو یان بابی؟ دەنگی شێوەی دەنگی منالێكی شەش ساڵان بوو كاتێ كە تازە لە قوتابخای نزیك ماڵی خۆیان نێو نووسیان كردبوو وە دەبوایە تا مانگێكی تر بچووبایە بۆ قوتابخانە. كیفێكی جوانیان بۆ كڕیبوو بابیشی بەلێنی دابوو قەڵەم و قەڵەمتراش و لاسیتكیشی بۆ بكرێ. بابە دوور و دوور تر كەوتەوە تا بوو بە خالێكی بچووك لەسەر شۆستە و بە پاڵ دار چنارە كانەوە.
ئاخ بابە!
لەپشت درگاكە دەنگە دەنگ و هەراهەرا بوو لە تەختی ئاشپەزخانەكەدا، كتێب، جوزوە و سەنەد و بەڵگەكان ئاگردرابوون. دایكە بە پەشۆكاوی، لەسەر چۆك بە دیوەكەدا دەسوورایەوە و بۆ ئەوەی نە قێژێنێ، لینگە گۆرەویەكی لە زاری خۆی خنی بوو.
ژنە لە ناكاو لینگە گۆرەوی لە دەمی دەرهێنا:
چی بكەین؟
تۆ گیانی خۆت و سیروان مناڵەكەم بە تەنیا جێ مەهێڵە خۆت چۆنت گەرەكە ئاوا بژی، بەڵام مناڵە كەم بە جێ مەیەڵە
مەگەر تۆ لە گەڵ ئێمە نایەی؟
پیاوەكە چووە پشت درگاكە، خەریك بوون بە قونداغی تفەنگەكانیان، درگاكەیان دەشكاند. لە پڕ پیاوەكە گەڕاوە. ڕواڵەتی ڕوون و لە سەرە خۆ بوو. ڕەگی تەوێڵی شووش دارتر لە هەمیشە و چاوە كاڵەكانی تروسكە دارتر ببوون. هەڵات بەرەو پەنجێرەكە و بە خێرایی بە بۆشایی فەزای پەنجێرەكەدا فڕی سیراون بابی دیت كە سەرنجێكی ئەوی دا، باڵی كردەوەو بازی د. لە ڕوانینی دا، شتێكی سەیرو پڕلە ڕەمزوڕاز بە دیدەكرا كە ئیستاش دوای تێپەرینی سی جار بەسەر ڕووت بوونەوەی چنارەكاندا لەماناكەی حاڵی نەببوو.
بابە خەریك بوو دەفڕیە خوارێ. خوار خوارێ لە دڵەوە دەیویست وەك فیلمەكان، دووبارە بێتەوە دواوە بێتەوە سەرێ و لەسەر لێواری پەنجێرەكە دابنیشێ.
ئێستا خەریك بوو بابی دێناوە سەرێ. بەدەست و باڵی كراوەوە لە فەزادا هێنایەوە دەم پەنجێرەكە هەر بەو چاوە كاڵ و ڕوونانەیەوە ڕوانیە ئەو ڕوونی چاوانەی ڕاز لەوێدا بوو. لە ناكاو دیتیەوە و بە خۆی وت: بەچاوان بابە ئێستا ئیتر هەموو شتێكم بۆ دەركەوت
بابە دوور و دوورتر كەوتەوە تا لە چەشنی خالێكی ڕەش، بە گولێكی سوور لە نزیك سەری، لەگەڵ چەند گوڵی لۆكەیی سپی لە نێوان گوڵە سوورەكاندا، لە تەنیشت چنارە شلكەكاندا، لەپاڵ ئەوسێ جیپە خۆڵە مێشیەدا، كە بانەكانیان شەترەنیجەكی ڕەش و سپی بوو، كەوت.
سیروان، بە تەنیا لە لای پەنجێرەكە وێستا بوو. سی ساڵ لە مەوبەر تازە نێو نووسی كردبوو بۆ قوتابخانە. شۆر و شەوقی خوێندن و نووسین بە گیانیدا دەگەڕا. دروست وەك بابی هێشتا مەدرەسەكان نەكرابوونەوە بەڵام ئەو گشت رۆژێ بەیانی كیفە تازە كەی هەڵدەگرت وزیبەكانی دەكردەوە و دەیبەستەوە. چەند خولەلێك لە شانی دەكرد و بابی، كە ئەی دیت پێی دەوت:

«پیرۆزە خۆشەویستم چەند كیفێكی جوانە! نەمردم و چونە قەتابخانەی تۆم بینی»
داكیش بە شادمانیەوە ئەیپرسی:
بۆ كوێ ئەچی كوڕە نازدارەكەم؟
سیروانیش بە قیافەیەكی جیدییەوە وڵامی ئەداوە:
مەدرەسە!
سیروان ئەیڕوانیە سەرچڵی دارەكان ئیتر ئەو خاڵە و گوڵە سوور و سپیەكانی دەوروبەری بەسەر شۆستەكەوە نەماوە ئیتر شوێنەوارێك لە جیپە بۆرەكان لە سەرشەقامەكە نابیندرێ.
ژنێك لەژێر چنارەكاندا، لە سەر ڕووبەری چەمەنەكە، كە تا مەوادیەكی دوور، تا ئاسۆی داگرتبوو، گۆرانی دەوت و ئەگریجەكانی، بێ پەروا ئەسپاردبوە دەست با. چەند هەنگاو واوە تر قەلە ڕەشەكان لە دەوری یەك ڕۆنیشتون.

مانگی ڕەزبەری ساڵی ١٣٦٥ هەتاوی
————————————————————————————————————————–

رێگای هه‌تاو

شێعرێکی نازم حیكمه‌ت
و: سەعید ئەمانی

رۆشنایی دێته‌ پێشێ و
سه‌ر تاپا دامده‌گرێ‌
دنیا جوانه‌
وه‌ ده‌سته‌كانم لێو رێژی حه‌ز و تاسه‌
چاو له‌ سه‌ر داره‌كان ناگوێزمه‌وه‌
كه‌وا سه‌وز پۆشن و ئاره‌زوویان به‌ر گرتوه‌.

رێگای هه‌تاو به‌ پێچوپه‌نای دیواره‌كاندا ده‌گوزه‌رێ‌
له‌ پشت په‌نجێره‌ی ده‌رمانگاوه‌ دانیشتووم
بۆنی ده‌رمان هه‌ست ناكرێ
مێخه‌كه‌كان له‌ شوێنێكدا پشكوتون
ده‌زانم.
ئه‌سیر بوون گرنگ نییه‌
ئاگاداربه‌!
گرنگ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ته‌سلیم نه‌بی.

ده‌رمانگای زیندان 1948

Read Full Post »