لە فارسیەوە: سەعید ئەمانی
میشێل ۆلبیک ( Michel Houllbec ) بە زمانی فەڕانسە دەنووسێت، بەڵام ماوەیەکی زۆرە کە وەکو نووسەرێکی نێونەتەوەیی دەناسرێت.
ھەر پێنج رۆمانەکەی بەدوای بڵاوبوونەوەیاندا ھەڵڵایەکی زۆریان نایەوە و یەک بەداوی یەکدا، پێناسەگەلێکی وەک << دژی ئیسلامی>>، << ھەرزە نووسی>>، << ڕەوانی>> و << ژن ئازار>> یان لە لایەن ڕەخنەگرانی ئوروپایی و ئامریکاییەوە بەنسیبی نووسەر کرد، بەڵام ھاوکات بەشێوەیەک بەھێز و کاریگەر بوون کە کەمتر ڕەخنەگرێک توانیویەتی بەبێ ئاوڕدانەوە لێیان بەلایاندا تێپەڕێت.
لە ئێستادا گیلام نیکلو، دەرھێنەری فەڕانسەوی ماجەرا و ڕوداوەکانی پێوەندیدار بە ژیانی ئەم نووسەرە پڕکێشیە و گێچەڵەی کردۆتە دەستمایەی فیلمێکی بەناوی << ڕفێندرانی میشێل ۆلبیک>> کە بەم دواییانە چۆتەسەر پەردەی سینەماکان.
ئەم فیلمە کە ۆلبیک خۆی دەوری خۆی تێدا دەبینێ لە جێژنوارەی فیلمی بڕلینی ساڵی ڕابردودا پیشاندرا و بەھۆی شێوە بەڵگەنامەیی بوون، خاوەنی تەنزێکی وشیارانە و ڕوون وێژیەوە لە لایەن ڕەخنەگرانەوە پێشوازی لێکرا. << ڕفێندرانی میشێل ۆلبیک>> داستانی ئەو سێ رۆژە دەگێڕێتەوە کە ئەو نووسەرە لە جەریانی تۆڕێکی گەشتوگوزاریدا کە ناوەندی بڵاوکەرەوەی کتێبەکەی بۆ ناساندنی ئەو و کتێبە نوێیەکەی ئامادەی کردبوو، لە ناکاو و بەبێ ئەوەی کەس ئاگادار بکاتەوە ون دەبێت.
لە کۆمێدی- درامیی نیکلو دا، ۆلبیک لە لایەن سێ براوە دزراوە و دبرێتە دەوروبەری پاریس تا کەسوکاری ناچاربن بۆ ڕزگار کردنی پۆڵ بدەن؛ بەڵام گفتوگۆکانی نێوان ئەو چوار پیاوە ھێدی ھێدی دەبێتە ھۆی سەرھەڵدانی پێوەندیەکی دۆستانە لە نێوانیاندا تا ئەو ئاستەی کە بارمتەکە داوا لە ڕفێنەرانی- کە بە باشیی شارەزای کارەکەیان نین- دەکات جۆرێک شەڕابی گران قیمەتی بۆ بێنن لەگەڵ ژنێکی لەشفرۆش.
ئەم فیلمە سەرەڕای ھەوڵدانی بۆ شێوە بەڵگەنامەیی بوونی، بەتەواوی هەڵقوڵاوی خەیاڵی فیلمنامە نووس و دەرھێنەرەکەیەتی. لە ڕاستیدا دوای دیارنەمانی ۆلبیک لە مانگی ئاگوستی 2011 دا، ڕاگەیەنرەکان کەوتونەتە حەولان تا بزانن چی بەسەر ئەم نووسەرە پڕ چەرمەسەریە ھاتوە. بڵاوکراوەیەکی فەڕانسەوی تەنانەت قامکی تاوانبار کردنی بۆلای << ئەلقاعیدە>> ڕاداشت و ئەم ڕیکخراوەی بەوە تاوانبار کرد کە ئەوی دزیوە. بەڵام دوای سێ رۆژ ۆلبیک ساخ و سڵامەت دەرکەوتەوە؛ لە وڵام بە پرسیاری ڕاگەیەنەرەکاندا تەنیا وتی << لەبیری چوبوو>> کە دەبێ لە ڕێوڕەسمی ناساندنی << نەخشە و قەڵەم ڕەودا>> بەشداری بکات و بەبێ ڕوونکردنەوەی زیاتر، درێژەی بە گەشتەکەیدا.
ھەرچەند ئیدەی لە ئارادا بوونی دەستی قاعیدە کەمێک نامۆ بەنەزەر دەگات، چاوگێڕانێک بە ڕابردوو پێشینەی ۆلبیک دا، کردنی گۆمانێکی لەم جۆرە پاساو ئەکات. لە ساڵی 2001 دا رۆمانێکی بڵاو کردەوە بە ناوی پلاتفۆڕم و سەبارەت بە پێوەندی عاتفی نێوان دوو کەس، کە یەکێکیان خۆشەویستەکەی لە ھێرشێکی تیرۆریستی لە لایەن گوروپە ئیسلامگەراکانەوە لەدەستداوە، بوو. ئەم رۆمانە ئەویندارانەیە- کە کەسایەتیە سەرەکیەکانی لە ھەوڵدان ناوەندێک بۆ دانی خزمەتگوزاری توریزمی جنسی دابمەزرێنن- پڕبوو لە وەسفی وردەکاری پێوەندی جنسی، و فەحشا و ناڕاستەوخۆ توریزمی جنسی تەئید دەکرد و بەتوندی ھێرشی دەکردە سەر ئیسلام و موسڵمانان. ۆلبیک لەمەش واوەترچو وە لە یەکێك لە وتووێژەکانیدا سەبارەت بە کتێب، ئیسلامی بە << گەمژە ترین دینەکان>> ناوبرد و ھەرایەکی گەورەی نایەوە.
نە تەنیا چەندین گوروپی ئیسلامی و گوروپەکانی داکۆکیکار لە مافە مەدەنیەکان لە فەڕانسە سەبارەت بە << ھەڵخڕاندنی نەفرەتی ڕەگەزی>> ئەویاندایە دادگا، بەڵکو یەکیتی عەرەبیش لە کاردانەوە بەم بابەتە بەیانیەی دەرکرد. یەکێک لە رۆژنامە عەرەب زمانەکانی فەڕانسە وێنەیەکی گەورەی ۆلبیک ی لە لاپەڕەی یەکەمی خۆیدا چاپ کرد کە لە پاڵیدا ئەم ڕستەیە دەبیندرا:» ئەم پیاوە لەتۆ بێزارە>>. پۆلیس داوای لێکرد پاریس جێبێڵی و لە پێناو پاراستنی ئەمنیەتی ژیانیدا خۆی ون بکات. لە کۆتاییدا دادگا بە پشت بەستن بە ئەسڵی ئازادی بەیان و ڕەخنە گرتن لە ئاینەکان ئەوی بەبێ تاوان ناساند. ۆلبیک دواتر بە شێوازێکی گاڵتەئامێز سەبارەت بەم ڕوداوە وتی:» نەمدەزانی موسڵمانەکانیش بوونەتە یەکێک لەو گوروپانەی کە بە ھەموو شتێک دڵیاندێشێ، دەمزانی کە یەھودیەکان ھەمیشە ئامادەن لەھەرکوێیەک بۆیان بکرێت شوێنەوارێکی دژە یەھۆدی بدۆزنەوە، بەڵام ڕاستیەکەی سەبارەت بە موسڵمانەکان ئەوەم نەدەزانی!».
لە << ھەرزە نووسینەوە>> تا << ڕاست وێژی>>
ئەمە نە یەکەم ئاژاوە بوو کە سەبارەت بە ۆلبیک و بەرھەمەکانی دەکەوتەڕێ و نە ئاخرینیشیان. تەقریبەن ئەو لەگەڵ بڵاوبونەوەی ھەر رۆمانێکیدا ( بەتەرتیب: ھەموو شتێك، زەڕڕاتی بنەمایی، پلاتفۆڕم، ئەگەری دورگەیەک، نەخشە و قەڵەمڕەو) ڕەخنەگران و مخاتبانی گشتی و حیرفەیی دەکردە دوو بەرەی نەیارانی سەرسەخت و لایەنگارانی شیفتەی خۆی.
گوروپی یەکەم نووسینەکانی بە ڕوخینەر، بێبەندوبار، پاوەڕەقی و ھەرزە نووسانە دەزانن؛ خۆیشی بە دژە ئیسلامی، ژن ئازار و بێ شەرم ئەدەنەقەڵەم و ھێرشیشی دەکەنەسەر سەبارەت بە خۆ بەدوور گرتن لە مرۆڤەکان، گۆشەگیر بوون و ئەفسوردە بوونی. بەڵام گوروپی دووھەم ئەو بە ڕیوایەتگەرێکی ڕاستگۆی دنیای ئێمە دەزانن کە ئەوەی کەس جورئەت ناکات بیڵێ ئەو دەیھێنێتە سەر زمان و بە ھەستیاریەکی بێ وێنە و ئازارێکی قوڵەوە باس لە لەدەست چوونی پێوەندیە مرۆڤایەتیەکان دەکات.
یەکەم کتێبی واتە زەڕڕاتی بنەمایی کە لەساڵی 1994 چووە ژێرچاپ، ھاوکات لەگەڵ ناوبانگێکی نێونەتەوەیی کە وەک ڕیئالیستێکی بەتوانا و نووسەرێکی پەیڕەوی بالزاک بۆ ئەوەی دەستەبەر کرد، لە لایەن یەکێک لە ڕخنەگرانی نیویۆرک تایمزەوە بە ڕۆمانێک وەسف کراوە کە بەشێوەیەکی ئازاردەر لە نێوان ھەرزەگی و ڕەوان پەرێشانیدا لە نەوەسان دایە.
بۆ دەرک کردنی دنیای دەرونی ۆلبیک ڕەنگە پێویست بکات چاوێک بە دەورانی منداڵی ئەودا بخشێنین- ئەو ساڵانەی کە بەوتەی نووسەر ھیچ وێنەیەکی لێی لە ئاڵبۆمەکانیدا نییە. بەپێی ڕیوایەتی ۆلبیک، باوکە فەڕانسەویەکەی و دایکە ئەلجایریەکەی لە تەمەنی پێنج ساڵی کۆرەکەیاندا بەو ئاکامە دەگەن کە ئیتر ھیچ عەلاقە و هۆگریەکیان پێوەی نییە و بڕیاریاندا منداڵەکەیان بە دایەگەورەی لە ئەلجایر بسپێرن تا بە دەست و باڵ کراوەیی و فەراغەتی زیاترەوە خەریکی ژیانی خۆیان بن. دایکی کەمێک دواتر لەگەڵ مەعشوقە تازەکەی دەچێت بۆ بریزیل تا وەکو ھیپیەکان بژیت- بڕیارێکی کە لە دواییدا بوو بە ھۆی قین و نەفرەتی ۆلبیک لە شێوەی ژیانی ھیپیەکان و بە تایبەت ئیدەکانیان سەبارەت بە << عیشقی ئازاد>>. میشێلی منداڵ چەند ساڵ دواتر گەڕایەوە بۆ فەڕانسە و لەلای دایەگەورەی واتا دایکی باوکی گەورە بوو.
لە زانکۆ لە ڕشتەی ئەندازیاری کشتوکاڵی دەیخوێند، دەورەیەکی دوور و درێژی ئەفسوردەگیی و مانەوە لە نەخۆشخانەی ڕەوانی نایەپشت سەر تا لە ئاکامدا لەگەڵ یەکەم ڕۆمانی لە تەمەنی 36 ساڵیدا درگاکانی ناوبانگ و سەرکەوتنی بەڕوودا کرایەوە.
ساڵانێک دواتر و دوای بڵاوبوونەوەی ناوبانگی ۆلبیک، دایکی بەو ئاکامە گەیشت کە کوڕەکەی لە کتێب و وتووێژەکانیدا وێنەیەکی شەیتانی لێ وێنا کردوە و بۆ ئیرایەدانی گێڕانەوەکانی لە ماجەراکە، ژیاننامەی خۆی بڵاو کردوە. بڵاو بوونەوەی ئەم کتێبە لە زومڕەی ئەو دەگمەن ڕوداوانە بوو کە ھەستی ھاو دڵی و ھاو دەردی ڕاگەیەنەرەکان و ڕەخنەگرانی سەبارەت بەو ھەڵخڕاند و بە ھەموانی سەلماند کە ئەم نووسەرە ئاژاوەگێڕە کەسوکارێکی بێ نیھایەت نابەرپرسیاری ھەبووە و دەورانێکی منداڵی زۆر پڕ ئێش و ئازاری تێپەڕاندوە. فریدریک بگبیدر ڕۆمان نووسی فەڕانسەوی و یەکێک لە دۆستانی ۆلبیک سەبارەت بەو ئەڵێ:» ئەگەر من دەورانێکی منداڵیی وەک منداڵیی ئەوم ھەبوایە تا ئێستا دەستم بۆ خۆکوشتن بردبوو. ئەو ڕاست وەک زامبی، لە مەرگ گەڕاوەتەوە تا بۆ ئێمەی ڕیویەت بکات.»
ئەوینداری کردن لە بازاڕی ئازاد دا
توانایی نووسینەکانی ۆلبیک و دەوڵەمەندی خەیاڵی- سەرەڕای بۆچوونە باس ھەڵخڕێنەرەکانی- پێش بەوە دەگرێت کە ڕەخنەگران بتوانن بێ تەفاوەت بەسەر بەرھەمەکانیدا تێپەڕن؛ بەڵام قەبووڵ کردنی ئیدەکانیشی- کە<< محافزەکارانە>> و << مەیلەو ڕاست>> باس دەکرێن- بۆ زۆر کەس ھاسان نییە. یەکێک لەو بنەمایی ترین بابەتانەی کە ئەو لە کتێبەکانیدا ئاوڕی لێ ئەداتەوە، کاریگەری بازاڕی ئازاد و سەرمایەداریە بەسەر پێوەندیە ئینسانی و سکسوالیتیەکاندا.
لە ڕوانگەی ئەوەوە لە گۆمەڵگایەکدا کە بە ھاسانی دەکرێ لەودا شەریکێکی جنسی نوێ بدۆزیتەوە، لۆژیکی پێوەندی عاتفی و جسمانی، شێوەی پێوەندی ئابووری بەخۆیەوە دەگرێت بەو مانایەی کە ئەوینداری کردن و سەرجێیی کردنیش << دۆڕاو>> و << سەرکەوتو>> ی دەبێت. لەوانە، شارۆمەندانی- ژن و پیاوی- کۆمەڵگا سەروەتمەندەکان دەتوانن بچن بۆ وڵاتانی ھەژار تر و لە بەرانبەر دانی بڕێک پارەدا، دەست بدنە ماجەراجویی جنسی و لە ئاکامدا ھیچ سەیر نییە کە لە داھاتویەکی نزیکدا، توریزمی جنسی کە لە ئێستادا بە شێوەیەکی ژێر بەژێر و شاراوە لە ئارادایە، ڕواڵەتێکی بە تەواوی حیرفەیی و ڕێکخراو بەخۆیەوە بگرێت.
ئاخرین بەرهەمی ۆلبیک بە ناوی نەخشە و قەڵەمڕەو توانی لە ساڵی ٢٠١٠ دا موعتەبەر ترین خەڵاتی ئەدەبی فەڕانسە واتە خەڵاتی گنکور ی بۆ دەستەبەر بکات. پێشتریش کاتی بڵاو بوونەوەی رۆمانی پڕ گێچەڵی پلاتفۆڕم، زەمزەمەی کاندیک کرانی بۆ خەڵاتی گنکور هاتبووە ئاراوە بەڵام لە کۆتاییدا نەیتوانی بەدەستی بێنێ.
ئاخرین کتێبەکەی- کە داستانی کوژرانی بێ بەزەییانەی کەسێک بەناوی << میشێل ۆلبیک>> دەگێڕێتەوە- بە بۆچونی خودی نووسەر باسی دەربڕینی خۆی لە ڕێگای هونەرەوە بە تایبەت لە ڕێگای ئەدەبیاتەوە دەکات؛ بەڵام ئەمە گشت ماجەراکە نییە. بەم دواییانە ئابووری ناسێکی بەناوبانگی فەڕانسەوی لە کتێبدا ئاوڕی لە ڕوانگە ئابووریەکانی ۆلبیک داوەتەوە و بە تایبەت وەسفی کتێبی نەخشە و قەڵەمڕەوی کردوە لەبەر ئەوەی لە ڕەخنە گرتن لە مەسەرفگەرایی ئاماژەی بە هێندێک شت کردوە کە ئەو وەک ئابووری ناسێک جورئەتی وتنیانی نییە.
سەرچاوە: ئینتێرنێت.